هێرشەكەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ دەرگا بەڕووی شەڕی فڕۆكە بێفرۆكەوانەكان دەكاتەوە

جیهان

21/09/2019‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای هێرشەكەی سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە لەڕێگای فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە، رۆژنامەی "فاینشناڵ تایمز"ی بەریتانی لەراپۆرتێكیدا مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگی فرۆكەی بێفرۆكەوانی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاشكراكرد.

رۆژانەمەكە بڵاویكردەوە، سعودییە پێش هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی دەیزانی كەوتووەتە بەر هێرشی فرۆكەی بێفرۆكەوان و گرووپی "ئەنساروڵڵا"ی حوسییەكان لەیەمەن لەماوەی ١٨ مانگی رابردوودا بەردەوام بوون لەسەر ئاراستەكردن ئەو جۆرە فڕۆكانە و هاویشتنی موشەك بۆ سەر فرۆكەخانە و وێستگەكانی پاڵاوتنی ئاوی دەریا و كۆگاكانی داكردنی نەوت.

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی سەربازی رۆژنامەكە، مەترسییەكانی ئەو فرۆكە بێفرۆكەوانانە پاڵی بە گەلێك لەدامەزراوەكانی سعودییەوە ناوە لەناویاندا كۆمپانیای ئارامكۆ و فرۆكەخانەكان داوای یارمەتی لە ئەمریكا و ئەوروپا بكەن لەبەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە یارمەتیان بدەن.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، فرۆكە بێفرۆكەوانەكان بوونەتە چەكێكی پەسەندكراو لەرۆژهەڵاتی ناوەراست، لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا گرووپی حوسییەكانی لایەنگری ئێران رایانگەیاندووە، كە لەڕێگای فرۆكەی درۆنەوە هێرشیان كردووەتە سەر سعودییە.

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرچاوە سەربازییەكەی فاینشناڵ تایمز باسی لەوەش كردووە، كە درۆنەكان نرخیان هەرزانە و جوڵەكردنیان ئاسانە و بەئاسانی دەتوانن لە ئامێرەكانی چاودێری خۆیان دەرباز بكەن، لەبەر ئەوە ئاڵنگارییەكی گەورەن لەبەردەم سعودییە، كە گەورەترین سەرچاوەی دابینكردنی وزەی جیهانە و گەورەترین وڵاتی هاوردەكاری چەكە لەجیهاندا.

رۆژنامە بەریتانییەكە باسی لەوەش كردووە، كە عێراق و سعودیە و ئیمارات فرۆكەی درۆن لەبازاڕە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئیسرائیل و ئێران و توركیا هاوردە دەكەن، كە لەوڵاتانی دروستكەری فرۆكەی بێفرۆكەوانن .

هەروەها سیستەمی دژە فرۆكەی بێفرۆكەوان زۆر گرانە و پێویستی بە بەرنامەی شێواندن (تەشویش)ی ئاسمانی و بەرنامەی دیاریكردنی پێگەی فرۆكەكان و دواتر ئاراستەكردنی موشەكە بۆ تێكشكاندنیان لەئاسمان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی