نۆتێلاو شۆكۆلاتەی فیریرۆ رۆچەری جیهان بەئارەقی نێوچەوانی منداڵی كورد بەرهەمدەهێنرێن

کوردستان

25/09/2019‌ 2580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی هەواڵیی "بی بی سی " بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لەو دۆخە هەژارییە دەكات، كە كورد لە توركیا تێیدایە و رایگەیاندووە، كە زۆرینەی ئەوانەی كار لە چنینیەوەی بەرهەمی بوندق دەكەن لەتوركیا كوردی ناوچە كوردنشینەكانی باكووری كوردستانن، كە لەنێوانیاندا ئەو كەسانەی تێدایە تەمەنیان لەلانیكەمی ئەو تەمەنە كەمترە، كە یاسای كاری توركیا ڕێگەیپێداوە .

بەگوێرەی راپۆرتەكە توركیا سێ لەسەر چواری هەموو بەرهەمی بوندق لەجیهاندا بەرهەم دەهێنێت، گەورەترین كڕیاریشی كۆمپانیای بەناوبانگی فێریرۆیە، كە شۆكۆلاتەی نۆتێلا بەرهەمدەهێنێت. 

بەجۆرێك كاتێك وەرزی كۆكردنەوەی بەرهەمەكە دێت بەدرێژایی كەناری دەریای رەش لەتوركیا دیمەنی كۆكردنەوەی بوندق لەمانگی هەموو ساڵیكدا دووبارە دەبێتەوە، كە ٧٠%ی هەموو بوندقی جیهان بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەوانەی ئەو بەرهەمە كۆدەكەنەوە زۆرینەیان خێزانی كۆچبەرە كوردەكانن، كە منداڵیشیان لەناودایە و رۆژانە چەندین كاتژمێر بەرانبەر كرێیەكی كەم كار دەكەن.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەو كڕێكارانە رۆژانە بۆ ماوەی ١٠ كاتژمێر ئەو كارە قورسە لە هەڵدێر و لاپاڵەكان دەكەن، كە مرۆڤ بەئاسانی هاوسەنگی خۆی لەدەستدەدات.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، زۆرینەی ئەوانەی خەریكی كۆكردنەوەی بوندقن لەخێزانە كوردە هەژارەكانی باكووری كوردستانن، لەناویاندا منداڵی ئەوتۆی تێدایە تەمەنی زۆر لە لانی كەمی ئەو تەمەنە كەمترە، كە بەپێی یاسای كاری توركی ڕیگەی كاركردنی پێدەدرێت.

بی بی سی باس لەوەش دەكات، كە منداڵان لەگەڵ خێزانەكانیان رۆژانە بۆ ماوەی ١٠ كاتژمێر كار دەكەن و دەسەڵاتدارانی ناوچەكەش بۆ رۆژێك تەنیا ٩٥ لیرە، كە دەكاتە ١٦ دۆلار كڕێیان دەدەنێ، بەڵام ئەم پارەیە هەموو بۆ خێزانەكە نییە، بەڵكو ئەوپەڕی هەركەسێك تەنیا ٦٥ لیرەی بۆ دەمێنیتەوە بەگشتیش تێكرای ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە ٥٠ لیرەیە، ئەویش دوای دانی ١٠% بۆ ئەو دەڵاڵەی كارەكەی بۆ دۆزیونەتەوە، لەگەڵ كرێی ڕێگا و گەرانەوەیان بۆ ماڵەوە و خەرجییەكانی تر.

سەبارەت بە كۆمپانیای بەناوبانگی فیریرۆ، كە هی خێزانێكی ئیتالییە و شۆكۆلاتەی نۆتێلا ، فیریرۆ ڕۆچەر و كیندر درووست دەكات، سێیەكی بەرهەمی توركیا لە بوندق دەكرێتەوە، كە خۆی نایچێنێت و بازرگانی پێوە ناكات، لەسەر پێگە فەرمییەكەی خۆشی نووسیویەتی: بەدواداچوونی بەرهەمی خاو كاریكی بنەرەتییە بۆ دڵنیابوون لە كوالێتی بەرهەمەكان و پرۆسەی بەرهەمهێنان.

كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، كە هەوڵ دەدات تا ساڵی ٢٠٢٠ بەدواداچوون بۆ ١٠٠%ی ئەو بەرهەمانە بكات، كە بەكاردەهێنرێت، بەڵام راپۆرتێكی ئامادەكراو كە وابڕیارە بەمنزیكانە بڵاوبكرێتەوە رایگەیاندووە، كە كۆمپانیاكە تا ئێستا ناتوانێت بەدواداچوون بۆ ٣٩%ی زیاتری بەرهەمەكانی بكات.

راپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە ئەگەر كۆمپانیاكە بەدواداجوون بۆ زنجیرەی كڕینی بەرهەمەكە بكات ئەوە كۆمەڵێك شتی بۆ ئاشكرا دەبێت، بەڵام بەگوێرەی قسەی ئەو بازرگانانەی "بی بی سی " چاوی پێیان كەوتووە  دەركەوتووە كۆمپانیای "فیریرۆ ڕۆچەر" پرسیار لەبارەی ئەو جوتیارانەوە ناكات، كە بەرهەمەكانیان لێدەكڕدرێت، یان بارودۆخی ئەو كڕێكارانەی لەكێڵگەكاندا كار دەكەن.

راپۆرتەكە پرسیاری ئەوەش دەكات، چۆن كۆمپانیاكە دڵنیا دەبێت لەوەی منداڵان لەچنینەوەی بەرهەمی بوندق كار ناكەن.

سەبارەت بەو خێزانە كوردانەی لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی بوندق كار دەكەن راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەو خێزانە كوردانەی لە ناوچە كوردییەكانی توركیاوە هاتوون بۆ ئەوەی لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی بوندق كار بكەن بۆ ماوەی مانگێك لەناو كوخ و خانۆچكەی زۆر سەرەتاییدا دەژین، كە نە ئاو نە كارەبای تێدا نییە ، تا ئەوكاتەی وەرزی چنینەوەی بەرهەمەكە كۆتایی دێت.

راپۆرتەكە جەختدەكاتەوە، كە كڕیاكارانی كورد لە بێستانەكاندا شۆكۆلاتەی بە بوندقیان نەخواردووە و ناشیانەوێت بیبینن، لەبەر ئەوەی ئەوە لای ئەوان ئەو بەرهەمە پەیوەستە بە هەژاری بەلەنگازییەوە.

ئینجینای ئەكجای، كە خاوەن بەرهەمێكە لە شارۆچكەی ئوردرو لەسەر دەریای رەش، ئەو شارۆچكەیە بەتەواوەتی پشت بە بەرهەمهێنانی بوندق  دەبەستێت بە "بی بی سی" وتووە: كۆمپانیای فیریرۆ رۆچەر لەو جوتیارانە ناپرسێت، كە بەرهەمەكانیان لێدەكرێت، یان پرسیار لە بارودۆخی ژیان و كاركردنی كرێكاران  لە كێڵگەكان ناكات، هەروەك دەڵێت: ئێمە پەیوەندیمان بە كاركردنی منداڵانەوە نییە، كاری چاودێری و كۆنترۆڵكردن ئەركی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەكانە. 

هەر لەو زنجیرەیەدا عوسمان جوقماق دێت، كە ئەو بەرهەمەكە لە جوتیاران دەكڕێتەوە و بە كۆمپانیا ئیتالییەكە و هەناردەكار و بەرهەمهێنەری تری دەفرۆشێت دەڵێت: فیریرۆ هیچ پرسیاری لێناكەن لەسەر ئەو جوتیارانەی بەرهەمەكە رەنێو دێنن.

ئەو دەشڵێت: "من دەكڕم دواتر دەیفرۆشمەوە"، زۆر ئەستەمە بەدواداچوون بۆ ئەو هەموو تۆنە لە بەرهەمی بوندق بكرێت.

جوقماق ئەوەش دەڵێت: سەبارەت بە فیریرۆ ئەگەر ئەوان خۆیان پرۆژەی كشتوكاڵی خۆیان نەبێت، ناتوانن بزانن ئەوە كێیە بەرهەمیهێناوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی