پزیشکانی سەرسام کردووە.. گەنجێکی ئەرمەنی کریستاڵ لەچاوی دێتەخوار

جیهان

26/09/2019‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئافرەتێکی ئەرمینی لەکاتی گریاندا لەجیاتی فرمێسک کریستاڵی لە چاوەکان دێتە خوارەوە، بەهۆی ئەو حاڵەتە نامۆیەشەوە زاناکان تووشی حەپەسان هاتوون.

ساتنیک کرازیانی تەمەن 22 ساڵ لەناوچەی شیراک لە ئەرمینیا ماوەی دوو مانگە بەدەست نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەوە ناڵاندوویەتی کە لەسەرەتادا وایزانیوە رەنگە تۆز و خۆڵ چووبێتە چاوەکانییەوە، بەڵام خێزانەکەی گومانیان هەبووە کە رەنگە پارچە شووشەیەکی بچووک بەرچاوەکانی کەوتبێت.

گەنجە ئەرمینییەکە دەڵێت چاوەکانی رۆژانە 50 پارچەی کریستاڵی لەچاوەکانی دێتەدەر، کەبەپێی راپۆرتەکان ژمارەیەکی زۆر پزیشک حاڵەتەکەیان دیوە و نەیانتوانیوە چارەسەری بۆ دابنێن یان دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکەن، بۆیە ساتنیک بەردەوام بەدەست ئەو ئازارەوە تلاوەتەوە.

ساتنیک بە رۆژنامەی "سپۆتنیک ئەرمینیا"ی گوتووە " ژیانم وەک دۆزەخی لێهاتووە "، هەروەک وتوویەتی، هەندێك لە پزیشکەکان بڕوایان نەکردووە کە حاڵەتێکی لەو جۆرە هەبێت و هەندێکی تریشیان قەترەی دژە زیندەیان ( ئەنتی بایۆتیک) بۆ نووسیوە، بەڵام هیچیان نەبوونەتە هۆی ئەوەی نیشانەکانی حاڵەتەکە کەمبکەنەوە.

لەسەر گرفتە تەندرووستییە نامۆکەی ساتنیک پەیوەندی بە وەزارەتی تەندرووستی ئەرمینیاوە کراوە، بەجۆرێک گەورە پزیشکانی وەزارەتی تەندرووستی دووجار چاویان بەو گەنجەکە کەوتووە و کریستاڵەکانی ناو چاویشیان بۆ پشکنین رەوانە کردووە تاوەکو بتوانن دەستنیشانی حاڵەتەکە بکەن.