وردەكاری پیلانی توركیا بۆ دروستكردنی چەندین شارۆچكە و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لەناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

28/09/2019‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا بەپشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەكان لە توركیا باسیان لەوە كردووە، كە دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بەمەبەستی دروستكردنی چەندین گوند و شارۆچكە و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەو ناوچە ئارامەی وابڕیارە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئةمريكى لەرۆژئاوای كوردستان دروست بكرێت .

بەگوێرەی میدیكانی توركیا، لەقۆناغی یەكەمدا نزیكەی ٢٠٠ هەزار باڵەخانە دروست دەكرێت تا زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارەی سوری ئەوانەی ئێستا لەتوركیا نیشتەجێن لەو ناوچەیە جێگیربكرێن.

بەقسەی ئەو سەرچاوە فەرمییەی میدیاكانی توركیا پشتیان پیبەستووە، پیلانەكە بەجۆرێكە ١٤٠ گوند درووست بكرێت، كە هەریەكەی جێگای ٥ هەزار كەس ببێتەوە ، سەرباری دروستكردنی ١٠ شارۆچكە، كە هەریەكەی جێگای ٣٠ هەزار كەس ببێتەوە و بەدرێژایی سنووری نێوان توركیا و سوریا درووست دەكرێن ، كە لە رووباری فوراتەوە تا سنووری عێراق دەگرێتەوە و تا قوولایی ٣٠ كیلۆمەتر دێتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان .

باس لەوە كراوە، كە هەر گوندێك ١٠٠٠ خانووی تێدا دەبێت بۆ خێزانێكی ٤ كەسی تەرخان دەكرێت و رووبەرەكەی ١٠٠ مەتر چوارگۆشە دەبێت، جگە لەوەی هەموو گوندێك مزگەوتێك و دوو خوێندنگەی ١٦ پۆلی و یاریگایەكی داخراو و ناوەندێكی چالاكی گەنجانی تێدا دەبێت . 
هەرچی شارۆچكەكانن ١٠ مزگەوت و ٨ قوتابخانەی ١٦ پۆلی و دوو هۆڵی وەرزشی و ٥ ناوەندی گەنجان و ٤ یاریگای بچووك و یاریگایەكی گەورە و چەندین جێگای گشتی تریان تێدا دەبێت  .

جگە لەوەی بە دوو شارۆچكەیان هەریەكەی نەخۆشخانەیەكی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی تێدا دەبێت لەگەڵ و  ٩ نەخۆشخانەی ١٠ قەرەوێڵەیی، كە بەسەر شارۆچكەكانی تردا دابەش دەكرێن . 

دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا باسیان لەوەش كردووە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی بەشداریكردنی لە كارەكانی گەڕی ٧٤ مینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو پیلانەی خستووەتە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان .

پێشبینی دەكرێت لەحاڵی جێبەجێكردنی پرۆژەكە، كە ٢٠٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە، كۆی خەرجی پرۆژەكە بە پارەداركردنی بیانی جێبەجێبكرێت و نزیكەی ٢٦ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلاری تێبچێت .

هەروەها بەپێی ئەو پیلانەی دانراوە  رووبەری سەرجەم پرۆژەكە بە گوند و شارۆچكەكانەوە نزیكەی ٩٢ ملیۆن مەتر چوارگۆشە بێت، هەرچی رووبەری ئەو زەوییە كشتووكاڵیانەیە، كە بەسەر دانیشتووانی گوندەكاندا دابەش دەكرێت دەگاتە ١٤٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی