بەراوردێك لەنێوان تانكی "ئەبرامز"ی نوێی ئەمەریكی و "ئارماتا"ی روسی

جیهان

28/09/2019‌ 7452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا مۆدێلێكی نوێی تانكی "ئەبرامز"ی دروستكردووە بەناوی "ئەبرامز " - М1 SEP v4 ، كە دەوترێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تانكی "تی ١٤ ئەرماتا"ی روسی درووستكراوە .

تانكی ئەبرامزی نوێ نوێترین تەكنەلۆژیای تێدا بەكارهاتووە، تەنانەت وەك ئەوە وایە كۆمپیوتەرێكی زنجیردار بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانرێت بوترێت بەسەر ئاراماتای روسیدا باڵادەست دەبێت،  كە بەگوێرەی پێگەی Warrior Maven تانكە روسییەكە توانای سەرسووڕهێنەری هەیە .

بۆ نموونە تانكە روسییەكە لەرۆژدا دەتوانێت لەدووری پێنج كیلۆمەترەوە ئامانجەكەی ئاگرباران بكات، شەوانیش دەتوانێت لەدووری ٣،٥ كیلۆمەترەوە، هەروەك دەتوانێت بەخێرایی ٩٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا بروات، كە ئەوە خێراییەكەی زۆر زۆرە بۆ تانكەكان .

واباس دەكرێت، كە ئەبرامزی نوێ بەهۆی ئەو تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەی تێیدا بەكارهاتووە دەتوانێت ئامانجەكانی لەژیر سایەی هەموو جۆرە كەشوهەوایەكی وەك باران و تەمەمژ و گەردەلوولی لمین بدۆزێتەوە، تەنانەت هەندێك لە شارەزا سەربازییە ئەمەریكییەكان پێیان وایە لەو رووەوە "ئەبرامزی نوێ" بەسەر تانكی "ئارماتا" زاڵ دەبێت، بەڵام تانكە روسییە نوێكەش لەلایەنێكی ترەوە لە تانكە ئەمەریكییەكە باشترە، وەك ئەوەی گولەتۆپی "سپرینتەر" بەكاردەهێنێت، كە دەتوانیت ١١ كیلۆمەتر ببڕێت .

ئەمەریكییەكان لەساڵی ٢٠٢١ تانكی "ئەبرامزی نوێ " تاقیدەكەنەوە، بەڵام روسیا دەستیكردووە بە پڕجەككردنی سوپاكەی بە تانكی "ئەرماتا".

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی