توركیا لەسەر كەناری كودەتایەكی نوێدایە

جیهان

02/10/2019‌ 2523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی نزیكبوونەوەی دۆخێكی خراپ لەتوركیا بەهۆی كشانەوەی سەدان هەزار فەرمانبەر لەپارتەكەی ئەردۆغان.
 
بەپێی راپۆرتەكە، ئەوانەی لە پارتەكەی ئەردۆغان كشاونەتەوە نزیكدەبنەوە لە ملیۆنێك كەس (840000) لەم ساڵدا، چاودێران وای دەبینن ئەم پاشەكشەیەی پاڵپشتی جەماوەری بۆ ئەردۆغان هۆكارەكەی تەنیا كێشەی ئابووری نییە، بەڵكو دەستێوەردانی سەربازی لە سوریاش دەگرێتەوە، كە گومان لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانە دەكرێت.

ئەو گێڕانەوەیە لەلایەن ژمارەیەك چالاكوانی پێشوو لە پارتی دادو گەشەپێدان دووپاتكراوەتەوە كاتێك بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیان كردووە. 

یەكێك لەو فەرمانبەرانەی پێشووی پارتەكە، بە نزیكەیی هەموو رۆژێك، هاورێیان بڕیار دەدەن ژیانێكی نوێ دەست پێبكەن، زۆربەی ئەوانەش رووەو ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان دەرۆن، كە هەردووكیان رایانگەیاندووە دوو پارتی نوێ دروست بكەن.

پێكهێنانی ئەو دوو پارتە نوێیە، دیوێكی یەكلاكەرەوەی تری هەیە، هەروەها توێژەری سیاسی تورك كەریم هاس ئاماژەی پێكردووە، ئەگەر تەماشای بكەین دەبینین ئەوانەی دەچنە پاڵ داود ئۆغلۆ و باباجان تەنیا خەڵكی سادە نین، بەڵكو ئەندامانی پەرلەمانیشی تێدایە، ئەمەش ئالۆزی و قورسی زۆر جدی بۆ سەركردایەتی ئێستای وڵات دروست دەكات، وا دەكات ئەردۆغان بە كەمینە لە پەرلەمان بمێنێتەوە.

ئێستا لە توركیادا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە یەك كاتدا ئەنجام دەدرێت، بەگوێرەی قسەی توێژەری ناوبراو تەنیا یەك شت روونە ئەویش ئەوەیە تا ساڵی 2023 رژێمی توركیا خۆی ڕاناگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت چاوەڕوانی رووداوی نا پێشبینی كراو بكەین لەژیانی سیاسی ناوخۆدا، ئێستا كاتی ئاشكراكردنی ئابروچوونەكان و نهێنییە زۆرەكانە.

لە پێناو پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتەكەی لەسەر ئەردۆغان پێویستە سەركێشی تر لە سیاسەتی دەرەوەدا بكات بەمەبەستی راكێشانی هەستی نەتەوەیی و ئایینی جەماوەری توركیا، دووریش نییە پەنا بۆ پرۆسەیەكی سەربازی نوێ ببات لە سوریا، یاخود كودەتایەكی حكومی رێكبخات. 
سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا