شارپرێس:
لەیەکەم ئەنجامی دەستدرێژی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای
کوردستان ، ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێیدەترسا روویدا و نزیکەی ٨٠٠ دەستگیرکراوی
بیانی داعش لە کامپی عەین عیسا لە باکووری سوریا رایانکرد .
راکردنی ئەو چەکدارانەی داعش دوای چەند رۆژێک دێت لە هۆشداری
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە تێیدا جەختی کردبۆوە بەوەی پاسەوانی پێویستیان نییە
بۆ پارێزگاریکردن لە گرتووخانە و کامپی هێشتنەوەی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان .
ترسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەڕانەوەی داعش بەهۆی
هێرشەکانی تورکیاوە وتەنیا هەر ئەگەرێک نەبوو ، بەڵکو بوو بە راستی و نزیکەی ٨٠٠
کەس لە خێزانی چەکدارانی داعش بەهۆی بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیاوە لە کامپی عەین
عیسا دەربازیان بوو .
ئەوە یەکەم گورز نییە کە بەهۆیەوە دەرفەتی ئەوە بۆ
دەستگیرکراوانی داعش رەخساوە لە گرتووخانەکان دەربازیان ببێت ، بەڵکو هەر لەیەکەم
رۆژی دەستپێکردنی هێرشی تورکیاوە یەکێک لەو گرتووخانانە بەئامانج گیرا کە
چەکدارانی داعشی تێدا زیندانی کرابوو .
ئوسامە عەبدولعزیز شارەزا لە کاروباری تورکیا دەڵێت
لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان رێکەوتنی نهێنی لەگەڵ ترامپ کردووە بەوەی تورکیا
بەرپرسیارێتی دیلە داعشەکان لەئەستۆ بگرێت ، کەچی تورکیا پەنا دەباتە بەر ئەو جۆرە
هێرشانە کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەربازبوونی چەکدارانی داعش .
چاودێران پێیان وایە بۆردوومانی بەردەوامی تورکیا بۆ
دەوروبەری گرتووخانە کامپەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان ئەوەی
لێدەخوێنرێتەوە کە ئەنقەرە دەیەوێت ئاسانکاری بکات بۆ رزگارکردنی تیرۆریستانی داعش
.
هەروەک دەڵێن داعش هەرگیز دوودڵ نابێت لە دانەوەی چاکەی
تورکیا و پاڵپشتیکردنی ئەنقەرە لە لاوازکردنی بەرەی کوردەکان بەوەی سەرقاڵیان بکات
نەتوانن وەک پێویست بەرپەرچی دەستدرێژییەکانی تورکیا بدەنەوە .
لەوچوارچێوەیەدا داعش ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی لەبەردەم
گرتووخانەی ناوەندی حەسەکە تەقاندەوە کە هەزاران چەکدارانی داعشی تێدا بەند کراون
.
هیشام هاشمی پسپۆڕ لە کاروباری رێکخراوە تیرۆریستییەکان
دەڵێت مەترسی گەورە کاتێک روودەدات کە دەرگا بەڕووی چەکدارە مەیدانی و
فەرماندەکانی داعشدا دەکرێتەوە ، کە بەقسەی ئەو ئەگەرێکە و ڕێی تێدەچێت .
هاشمی دەڵێت ئێستا داعش دەرفەتێکی راستەقینەی بۆ
هاتۆتەپێش لەناوچەکە دەست بە چالاکییەکانی بکاتەوە ، ئەویش لەڕێگای
دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی سوریا کە ئاسایش و بەرگریان لاواز ە و تورکیا ئەو
دەرفەتەیان بۆ دەرەخسێنێت .
ئەو ئەنجامانەی بەهۆی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر
رۆژئاوای کوردستان دەکەونەوە ئەوەیە کە جیهان لێیدەترسا بەتایبەت هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی دژی داعش کەلەپێناوی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە هێزەکانی
ناردە سوریا .
بەڵام وادیارە وەک ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەترسێت ئەنقەرە
ئەو ترسەی نییە ، بەڵکو بەپێجەوانەوە داعش بۆ ئەردۆغان لەزۆر بواردا وەک کارتێکی
براوە وایە .
ئوسامە عەبدولعەزیز دەڵێت " ئەردۆغان داعش بۆ
بەرەنگاربوونەوەی کوردەکان بەکاردەهێنێت و داعشەکانی بەشەڕکردن شان بەشانی سوپای
تورکیا چاکەی ئەردۆغان دەدەنەوە ".
عەبدولعەزیز پێیوایە ئەردۆغان لەلایەکەوە داعش بەگژ
کوردەکاندا دەکات ، لەلایەکی تریشەوە وەک کارتێکی گوشار لەدژی ئەوروپا و
لایەنەکانی تریش بەکاریان دەهێنێت ، چونکە سەدان لەو چەکدارانە رەگەزنامەیان
ئەوروپی و رۆژئاواییە .
راکردنی چەکدارانی داعش و هەستانیان بە کردەوەی
تیرۆریستی ئاماژەی ترسناکن و نیشانەی پرسیاری گەورە لەسەر پرۆسە سەربازییەکەی
تورکیا لە باکووری سوریا درووست دەکات ، بەتایبەت دوای کشانەوەی سوپای ئەەمریکا و
لاوازبوونی کوردەکان کە سەری ڕمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوون لە ناوچەکەدا .
وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی