ئەردۆغان لەهەماهەنگییەكانی روسیاو ئەمریكا ناڕازییە

جیهان

11/11/2019‌ 1551 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەردۆغان لەهاوپەیمانەكانی (ئەمریكا و روسیا) رازی نییە"، ناونیشانی راپۆرتێكی گۆڤاری (كۆمیرسانت)ە، كە دەربارەی سكاڵای رەجەبت تەیب ئەردۆغان لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان لەگەڵ روسیا و ئەمریكا، لەكاتێكدا واشنتۆن و مۆسكۆ دووپاتیدەكەنەوە بابەتەكان بەشێوەیەكی تەندروست رێچكەی خۆی گرتووە، بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەردەوامە لە درێژەدان بە پرۆسەی سەربازی دژی كوردەكان لە باكووری سوریا، ئەو وای دەبینێت رێككەوتنەكانی مانگی ئۆكتۆبەر لە نێوان موسكۆو ئەنقەرەو واشنتۆن تا ئێستا جێبەجێنەكراوە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەردۆغان ئەم پرسەی لەگەڵ هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و روسیا باس كردووە، دەربارەی جێبەجێكردنی سەركەوتنی رێككەوتنەكان.

لای خۆیانەوە، كوردەكان ئەنقەرە تۆمەتبار دەكەن بە نەبردنە سەری ئەو بەڵێنانەی بە مۆسكۆو واشنتۆنی داوە، لەم بارەیەوە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزلوم عەبدی وتی: توركیا بەگوێرەی ئەو رێكەوتنانە رەفتار ناكات، كە لەگەڵ واشنتۆن و مۆسكۆ ئەنجامیداوە. 

ئەمەشی بەلاوازی هەڵوێستی ئەمریكا و روسیای داوەتە قەڵەم و بەبۆچوونی عەبدی واشنتۆن بەتایبەتی دەتوانێت بەرانبەر لەشكركێشیەكانی توركیا بوەستێت و سزای ئابووری بەسەردا بسەپێنێ.

لە هەمان كاتدا عەبدی دانی بەوەشدا ناوە ئەمریكا نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا تێكبدات و لەلایەكی ترەوە بەرژەوەندیەكانی كورد پشتگوێ دەخات، بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترامپ لە ژێر فشاری كۆنگرێس و سوپاو بۆچونی رای گشتی بڕیاریداوە بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا.

لەراپۆرتەكە ئەوەش هاتووە، كە هەرچی روسیایە وەك ئەمریكا نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە تێكبدات، لەگەڵ ئەوەشدا مۆسكۆ ئەوەی خستووەتە بەردەم دیمەشق، كە پێویستە بەرژەوەندییەكانی كورد لەبەرچاو بگرێت و ئیدارەیەكی خۆبەڕێوەبەری رۆشنبیرییان پێ ببەخشێ بەلای كەمەوە، بە هۆی هەرەشەكانی توركیاشەوە كوردەكان بە ژمارەیەك پێشنیاری روسیا رازی بوون و دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی سوریادا چڕكردۆتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، گومان لەوە هەیە گفتوگۆكان سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چونكە كوردەكان دەیانەوێت لەسەر دوو كورسی دابنیشن، بە شێوەیەك لەلایەكەوە، گرەو لەسەر واشنتۆن دەكەن‌و لەلایەكی تریشەوە دانوستان لەگەڵ مۆسكۆو دیمەشق ئەنجام دەدەن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا