یارییەكەی عێراق و ئێران.. لەنێوان سیاسەت‌و وەرزشدا چیتر هێڵەكان جیكەرەوە نین

عیراق

15/11/2019‌ 1076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێش دەستپێكردنی یاری نێوان هەڵبژاردەی عێراق و ئێران لەگەڕی پێنجەمی پاڵاوتنی دووسەرەی ئاسیا بۆ جامی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ و جامی ئاسیا ٢٠٢٣، كە تێیدا هەڵبژاردەی عێراق بە (٢-١) لە هەڵبژاردەی ئێرانی بردەوە، باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا "ماسیۆ تۆلەر" بەلەبەركردنی جلی هەڵبژاردەی عێراق و هیواخواستنی بە سەركەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بەسەر ئێراندا بووە جێگای سەرنجی چاودێران .

ئەو هەڵوێستە وای لە چاودێران كرد، كە ئەو هەنگاوەی باڵیۆزی ئەمەریكا بەو كەشە سیاسییە ناكۆكەی نێوان واشنتۆن و تاران و خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانی عێراق ببەستنەوە، كە نزیكەی دوو مانگە بەردەوامە زۆر بە خەستی دژایەتی دەستتێوەردانی ئێران لەكاروباری عێراق دەكەن، كە لەمیانی یارییەكانی نێوان عێراق و ئێران بەباشی گوزارشتی لێكرا.

ئەو كەشەی لەكاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئێران بەڕێوەچوو مشتومڕێكی تری سەبارەت بە پەیوەندی نێوان وەرزش و سیاسەت بەتایبەت تۆپی پێ هێنایە گۆڕێ، كە وادیارە هێڵە جیاكەرەوەكانی نێوانیان چیتر نەماوە .

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری "عەرەبی بۆ لێكۆڵینەوە" دەڵێت: بەیەكداچوونی وەرزش و سیاسەت لە یاریگاكاندا كارێكی دووبارەیە و ئاكامی خراپ بەجێدێڵێت .

دكتۆر محەمەد سادق ئیسماعیل بەڕێوەبەری ناوەندی عەرەبی بۆ لیكۆڵینەوە سیاسییەكان سەبارەت بەیارییەكانی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و عێراق دەشڵێت: بەیەكداچوونی سیاسەت و وەرزش لەمساڵانەی دواییدا لەسەری راهاتووین.

هەروەها دەڵێت: ئەوە هەر پەیوەست نییە بە یارییەكانی جیهانی عەرەبی و ناوچەكە، بەڵكو ئەوە لە یاریگاكانی ئەوروپاش دەبینین كاتێك هەندێك لافیتە و ئاماژەی رەگەزپەرستی بەرانبەر بە یاریزانێك بەرز دەكرێتەوە، بەڵام ئەوانە ئێستا چارەسەر كراون.

ئیسماعیل باسی لەوەش كردووە، كە یارییەكی عێراق و ئێران رەهەندە سیاسییەكان رەنگدانەوەی لەسەر وێنەی دەوڵەت دابووەوە نەك لەسەر یاریی تۆپی پێ ، باڵیۆزی ئەمەریكاش لە عێراق كاتێك بەرگی هەڵبژاردەی عێراق دەپۆشێت ئەوە مانای وایە لایەنگی سیاسی بۆ عێراق دەكات بەرانبەر بە ئێران، نەك هاندانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق.

سادق ئەوەش دەڵێت: باڵیۆزی ئەمەریكا ئامادەی یارییەكە نەبوو بەڵكو تەنیا پشتیوانی هەڵوێستە سیاسییەكان بووە لەڕێگای یارییەكانەوە، ئەو جۆرە كارانەش بۆی هەیە توندی و سرووشتێكی سیاسییانە بە یارییەكانی دواتر بەخشێت.

ئێوارەی رۆژی سێ‌ شەممە عێراق‌و ئێران لەسەر خاكی ئوردن رووبەڕووی یەك بوونەوەو یارییەكەش بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بەگۆڵێك لەسوودی كوڕانی وڵاتی نێوان دوو رووبارە كۆتایی هات.

هاوكات شیكەرەی سیاسی عێراقی ویسام سەباح سەبارەت بە كەشی یارییەكەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئێران دەڵێت: هاندەرانی عێراق بە گەرموگوڕییەوە هانی هەڵبژاردەكەیاندا و ئەوانی تریش هەر وابوون، ئامانج بردنەوە بوو لە ئێران جا هەرچۆنێكی بێت، شەقامی عێراق وا مامەڵە لەگەڵ بردنەوە لە هەڵبژاردەی ئێران دەكەن وەك ئەوەی گورزێكی سیاسی بێت بەرد تاران كەوتبێت، بەو واتایەی عێراقییەكان دەتوانن لەرووی سیاسی و وەرزشی و دیبلۆماسییەوە بەسەر تاراندا سەربكەون.

سەباح ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە جەماوەری عێراقی زۆر بە بەهێزی هانی هەڵبژاردەی عێراقیاندا لەدژی ئێران ، ئەوەش وەك هەڵوێستێكی وەرزشی و لەچوارچێوەی ئەو هەستیارییە سیاسییەی ئێستا هەیە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی