سعودییە لەپلەی یەكەمدایە.. خەرجی‌و تێچووی سوپا عەرەبییەكان

مەلەفی تایبەت

07/12/2019‌ 818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێك لەوڵاتە عەرەبییەكان لەنێو ئەو سێ وڵاتەدایە، كە زۆرترین رێژەی پارە لەسوپاكانیاندا خەرج دەكەن لە ساڵی 2019دا لە جیهان، كە تا ئێستا مەگەر تەنیا ئەمریكا و چین ئەو پارەیەیان خەرج كردبێت.

ئامارەكانی پێگەی (گلوباڵ فیر پور)ی ئەمریكی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كۆی سەرجەم خەرجییەكانی سەربازی جیهانی لە ساڵی 2019 دا 1700 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەمریكاش پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە بە خەرجكردنی 716 ملیار دۆلار و ئەمەش خۆی لە 42%ی قەبارەی تێچووی سەربازی جیهاندا دەبینێتەوە.

دوای ئەمریكا، چین بەپلەی دووەم دێت بە 224 ملیار دۆلار، پاشان شانشینی سعودییە، كە پلەی سێیەمی جیهانی داگیر كردووە بەخەرجكردنی 70 ملیار دۆلار لە سوپاكەیدا، ئەمەش بەگوێرەی پێگەكە.

ئامارەكانی پێگەكە 17 وڵاتی عەرەبی گرتووەتە خۆی، تێكڕای خەرجییەكان لە سوپاكانیان دەگاتە 135.5 ملیار دۆلار، ئاماژەشی بەقەبارەی سەربازی سعودییە كردووەو رێژەكەی گەیشتووەتە 51% ی خەرجی سەربازی عەرەبی لە ساڵی 2019.

پێگەكە رێز بەندی وڵاتە عەرەبییەكانی بڵاوكردووەتەوە و لەرووی قەبارەی تێچووی سەربازییەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە شانشینی سعودییە پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە لە نێو وڵاتە عەرەبییەكاندا، لە پاش ئەو، ئیمارات دێت بەپلەی دووەمی عەرەبی و پلەی 16 یەمینی جیهانی بە خەرجكردنی 14.3 ملیار دۆلار، پاشان جەزائیر بە پلەی سێیەم دێت لەناو عەرەبەكان و پلەی 21 ی جیهانی بە 10.5 ملیار دۆلار.

سەڵتەنەی عومان لە پلەی 4 مینی عەرەبی و 31 مینی جیهانییە بە 6.7 ملیار دۆلار، پاشان عێراق دێت، كە 5 مینی عەرەبی و 34 مینی جیهانییە بە 6.06 ملیار دۆلار.

شانشینی كوێت لە پلەی 6 مینی عەرەبی و 38 مینی جیهانیدایە بەتێچووی 5.2 ملیار دۆلار، و وڵاتی میسر پلەی 7 مینی عەرەبی و 45 مینی جیهانییە لەرووی قەبارەی تێچووی بەرگرییەوە بە 4.4 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پێگەكە، قەبارەی خەرجییەكانی وڵاتان بەتەنیا پێنوێن نییە بۆ پێوەری هێزەكانیان و ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە هەندێك لە وڵاتان و لە نموونەی روسیای ئیتحادی سوپاكەی پلەی دووەمی داگیركردووە لە ێو بەهێزترین سوپاكانی جیهاندا، لەگەڵ ئەوەی پلەی 8 مینی هەیە لەرووی قەبارەی خەرجی بەرگرییەوە، هەمان شت لەسەر وڵاتی میسریش جێبەجێ دەبێت بەوەی سوپاكەی لەنێو بەهێزترین 12 سوپاكەی جیهاندایە، كەچی خەرجییە سەربازییەكانی لە پلەی 45 میندا دێت لە جیهاندا.

مەغریب بە پلەی 8 مینی عەرەبی و 51 مینی جیهانی دێت بەخەرجركردنی 3.4 ملیار دۆلار، پاش مەغریب لیبیا دێت، كە پلەی 54 مینی هەیە لەجیهاندا بە 3 ملیار دۆلار، و سودان بە پلەی 10 مینی عەرەبی و 58 مینی جیهانی بە 2.4 ملیار دۆلار، پاشان شانشینی قەتەرە، كە پلەی 11ی عەرەبی و 64ی جیهانی هەیە بە تێچووی 1.9 ملیار دۆلار.

بە گوێرەی پێگەكە، سوریا 1.8 ملیار دۆلار خەرج دەكات و پلەی 12ی عەرەبی و 65ی جیهانی هەیە، پاش ئەو لوبنان دێت، كە پلەی 67ی جیهانی گرتووە بە 1.7 ملیار دۆلار.

ئوردن لە پلەی 14 مینی عەرەبی و 70ی جیهانیدا دێت بە خەرجكردنی 1.5 ملیار دۆلار، یەمەنیش پلەی 15 مینی عەرەبی 72 مینی جیهانییە بە 1.4 ملیار دۆلار.

شانشینی بەحرەین ژمارە 16 ی وڵاتانی عەرەبی و 79ی جیهانییە بەخەرجكردنی 730 ملیۆن دۆلار، پاشان تونس دێت بە ژمارە 17ی ولاتانی عەرەبی‌و 84ی جیهانی بە تێكڕای تێچووی سەربازی، كە 550 ملیۆن دۆلار تێپەڕ ناكات.

ئامارەكانی پێگەكە قەبارەی سەربازی وڵاتانی تری عەرەبی باس نەكردووە، كە خۆی لە سۆماڵ و جیبۆتی و جزر القمر و موریتانیا دەبینێتەوە.

وڵاتی میسر بەهێزترین سوپای عەرەبییەو پلەی 12 مینی بەهێزترین سوپاكانی جیهانە، پاش میسر شانشینی سعودییە دێت، كە پلەی 25 مینی جیهانی هەیە و جەزائیر لە پلەی 27مینە لەسەر ئاستی جیهان.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا