چیرۆكی لیزا سمیس.. لەسەربازی ئیرلەنداوە بۆ بوون بەچەكداری داعش

لە میدیاکانەوە

07/12/2019‌ 3510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی ئێرلەندا، لیزا سمیس- 38 ساڵ و كوڕە 2 ساڵەكەی لەرێگەی توركیاوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەكەی، ئەویش دوای ئەوەی ڕۆژێك لەئاسایشی فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ دەستبەسەر مایەوە.

لیزا سمیس، دوای چوار ساڵ دووربوون لەوڵاتەكەی، لە ژێر دۆخێكی ئەمنی تونددا لەداونداڵك-ی ویلایەتی لاوس-ەوە گەیەندرایە دادگای تاوانەكان لەدبلن، تا بە تۆمەتی تاوانی هەڵاتن لەسەربازیی و خیانەتی نیشتمانی لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ - دیسێمبەری ٢٠١٩، دادگایی بكرێت.

چیرۆكی لیزا بووەتە چیرۆكی نێو لاپەڕەی رۆژنامەكانی ئەمریكا، چونكە دوای پێنج ساڵ لەخزمەتی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا، ساڵی 2015 پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی رێكخراوی داعش لەعێراق ‌و شام.

رۆژنامەی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ بڵاویكردەوە، لیزا لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بە سەركردەیەكی داعشەوە كردووە، كە لەبنەڕەتدا هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بووە.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، هەر لە سوریا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو سەركردەی داعش كردووەو ئێستا خاوەنی منداڵێكی 2 ساڵە لەو كەسە، لەكاتێكدا هاوسەرەكەی لە شەڕێكی سەختدا ساڵی 2017 كوژراوەو ئەمیش خۆیی و منداڵەكەی لەكەمپی عەین عیسا لە باكووری سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستبەسەربوون.

بەپێی رۆژنامەی زە پرۆڤیدینس جۆرناڵ، لەمانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەدوای هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك زیندانی داعش و ژن و منداڵی نێو كەمپی عەین عیسا، هەوڵی هەڵاتنیان داوە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی توركیا لەلایەن ئەوانەوە دەستگیركراون، كە ژمارەیان 287 چەكداری داعش و ژنەكەنیانن، لەنێو ئەو دەستگیركراوانەدا لیزا سمیس یەكێكیان بووە.

لەچاوپێكەوتنێكی سی ئێن ئێن-دا لەو كاتەی، كە لە كەمپی عەین عیسا بووە لە سوریا، لیزا  باسی لەوە كردووە، بەشداری هیچ شەڕ و مەشقێكی سەربازیم نەكردووە لەلای داعش.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئێف بی ئای چەند جارێك سەردانیان كردووم و پەنجەمۆر و سمپلی دی ئێن ئەی-یان لێوەرگرتووە.

لەبەرانبەر دانپێدانانەكانیدا ئێف بی ئای كۆمەڵێك وێنەی پیشانی لیزا داوە، كە نیشانە دەگرێتەوە و مەشق لەسەر چەك دەكات، بۆیە دەست دەكات بە گریان و تێدەگات لەوەی ئەوانەی وێنەیان گرتووە و لە ناو داعش بوون، سەر بەئێف بی ئای بوون.

كاتێك لیزا بەپێی ڕێكەوتنی نێوان توركیا و ئێرلەندا دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتەكەی، پەیامنێری ئار تی ئی لەنێو ئەو فڕۆكەیەی گەشتی هێلی ئاسمانی توركیدا بووە، كە لە ئەستەنبوڵ-ەوە لیزا و منداڵەكە-ی گواستووەتەوە بۆ دبلن. 

لیزا رەتیكردووەتەوە هیچ لێدوانێك بدات بۆ كەناڵەكە سەبارەت بە هەستەكانی لەكاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی. بەپێی قسەی پەیامنێرەكەی ئار تی ئی لەماوەی ئەو چەند سەعاتەدا شوێنەكەی جێنەهێشتووەو زوربەی كاتەكە یاری لەگەڵ منداڵەكەی كردووە و هیچ پەیوەندییەكی قسەكردنیشی نەبووە لەگەڵ ئەو چوار پاسەوان و دیپلۆماتەی پارێزگارییان كردووە.

پەیامنێرەكەی ئار تی ئی باسی لەوەش كردووە، كە لیزا هەر بەرگی حیجابی لەبەردا بووە لەگەشتەكەدا و دۆخی دەروونی لەوپەڕی ئارامیدا بووە و شڵەژاو دەرنەكەوتووە.

هەروەها رۆژنامەی زە واشنتۆن پۆست لە ژمارەی ٦ی دیسێمبەردا ئاماژەی بەوەداوە لەكاتی دابەزینی لە پێپلیكانەی فرۆكەكە بە پەتانییەكی رەنگاو رەنگ سەرو دەوموچاوی شاردراوەتەوە و بەپەلە خراوەتە ناو ئۆتۆمبیلێكی رەشی جام تاریكەوە.

توركیا لە كۆتایی نۆڤێمبەرەوە بڕیاری داوە، كە ئەو دەستگیركراوە داعشانەی لەلای دەستبەسەرن و هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپین، بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان بەپێی رێككەوتن لەگەڵ وڵاتەكە.

بەپێی زە نیویۆرك تایمز لەكۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، هەریەك لەئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا رازی بوون بە گەڕانەویە ئەو داعشانەی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەكەیان هەیە لەبەرانبەر چەند مەرجێك، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەبووە مەرجەكانی نێوان توركیا و ئەو وڵاتانانە چین، چونكە توركیا هەمیشە هەڕەشەی بەو داعشانە كردووە كە ئازادانیان ئەكاتەوە بەرەو رووی وڵاتەكەی خۆیان.

یەكەم گەڕانەوەی دەسبەسەركرداوی داعش-یش، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپییە لە لیزا-وە دەستی پێكردووە و بەپێی ئاژانسەكانی ئێرلەندا 30 كەسی ئێرلەندی لە 2015 -2016 پەیوەندییان بە ریزەكانی داعشەوە كردووە. بەڵام بەپێی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئیرەلەندا بەشێك لەوانە كوژراون.

لەو بارەشەوە شارلی فلانگن وەزیری دادی ئێرلەندا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: رێوشوێنی پێویست بۆ بەخێوكردن و چاودێریكردنی منداڵەكە لەهەمووی گرنگترە". دواتر وتی:"مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە پێویستە خەڵك ئارام كەینەوە لەدوای ئەوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و تەلەفیزیۆنەكانەوە دیمەنی گواستنەوەی لیزا لە فرۆكەخانەی توركیاوە ڤاسترایەوە بۆ ئیرلەندا".

لیزا سمیس ساڵی 2009 پەیوەندی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندییەوە كردووە و وەك سەربازی هێزی پیادە، دوای پێنج ساڵ داوای گواستنەوە دەكات بۆ هێزی ئاسمانی سەربازی تایبەت بەپێشوازیكاری فرۆكەی نەفەرهەڵگر و دەبێتە پێشوازیكاری فرۆكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا. ھەروەھا بەپێی لێكۆڵینەوەی ئێف بی ئای، لیزا لەساڵی 2011 قوڵبۆتەوە لە ئاینی ئیسلام لەكاتێكدا سەربازی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندی بووە.

ئامادەكردن: لوقمان غەفور