بەهۆی ڕێوشوێنەكانی درورخستنەوەی.. هۆشدارییەكی پزیشكی لەتێكچوونی تەندروستی هۆشەكی ترامپ دەدرێت

جیهان

08/12/2019‌ 2057 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزایان هۆشداری دەدەن لە تێكچوونی تەندروستی هۆشەكی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی دیموكراتەكان بۆ دوورخستنەوەی گرتوویانەتەبەر، هەروەك داوایان لە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە باری هۆشەكی مەترسیداری ترامپ لەبەرچاو بگرن .

بەگوێرەی رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی، كۆمەڵێك شارەزا و پزیشك لە بەیاننامەیەكدا، كە ئاراستەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان كردووە دەڵێن: بۆیە بەتایبەتی لەمكاتەدا قسە دەكەین لەبەر ئەوەی بڕوامان بەوە هەیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی گریمانەی دوورخستنەوەی ترامپ، ئەوە زیاتر مەترسی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە كەسێكی مەترسیدار و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا.

هەروەها هۆشداریان لەئاكامە مەترسیدارەكانی ئەو هەنگاوە داوە ئەگەر بێت و لەكاتی لەكارخستنیدا حساب بۆ باری دەروونی ترامپ نەكرێت.

لەكاتێكدا راپۆرتی كۆتایی، كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەسەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەی كردووە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی، كە بەڵگەكانی لەسەركارلادانی ترامپ بەهۆی قۆستنەوەی پۆستەكەی بۆبەدیهێنانی ئامانجە كەسی‌و تایبەتەكانی و ئاستەنگ دروستكردن بۆ كاری كۆنگرێس و بەدیهاتنی دادپەروەری "زۆر گەورەن".

راپۆرتەكە، كە لە ٣٠٠ لاپەرە پێكهاتووە و وابریارە بكرێتە بناغەی دەستپێكردنی ڕێوشوێنەكانی لەكارخستنی ترامپ تێیدا هاتووە، سەرۆك بەرژەوەندی كەسی خۆی لەسەروو بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمەریكا داناوە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكای خستووەتە مەترسییەوە.

جگە لەوەی ترامپ تۆمەتبار كراوە بەوەی ئاستەنگی بۆ كارەكانی كۆنگرێس درووستكردووە بەوەی رەتیكردووەتەوە بەڵگەنامەكان بەلێكۆڵەران بدات و رێگری لە شایەتی شایەتحاڵەكان كردووە و ئەوانەشی شایەتیانداوە هەڕەشەی لیكردوون .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی