ناوەڕۆكی پڕۆژە یاساییەكی ئەمریكی بۆ سزادانی توركیا

ڕاپۆرت

11/12/2019‌ 3388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدارەی ئەمریكا كێبڕكێیەتی لەگەڵ كات، لە كاتێكدا یاسادانەرانی ئەمریكا نیازیان هەیە سزای گشتگیر لە بوارە‌كانی ئاسایش و بەرگری بە بەهای سەدەها ملیارەها دۆلار بەسەر نەیارانی وڵاتەكەیاندا بسەپێنن.

كۆنگریسمانە ئەمریكییەكان ڕایانگەیاندووە، كە گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێك لەبارەی گەڵاڵەكردنی پڕۆژە یاسایەك بە بەهای 738 ملیار دۆلار وەك سیاسەتێكی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارەكانی ئەمریكا، ئەو پڕۆژەیە بەرەنگاربوونەوەی چین و ڕوسیاش دەگرێتەوە، هەروەها پێكهێنانی هێزێكی بۆشایی ئاسمانی، كە دەمێكە دۆناڵد ترامپ كاری بۆ دەكات.

سەبارەت بە توركیاش پڕۆژەیاساكە داوای سەپاندنی سزای قورس دەكات بەسەر ئەو وڵاتەدا، بەو هۆیەی ئەنقەرە لەمامەڵەی موشەكی ئێس-400 ی ڕوسی بەردەوامە.

ڕێككەوتننامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لەگەڵ لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجوومەنی پیران، ڕێككەوتننامەیەكی سازانكاری بووەو چەندەها مانگی خایاندووە، چاوەڕوان دەكرێت پێش پشووی سەری ساڵ پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت.

سزا ئەمریكییەكان بواری ئابووری توركیا بەئامانج دەگرن، بە تایبەتیش وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی گاز، بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، كە بۆ ساڵی دارایی 2020 گەڵالەكراوە، سزاكان پەیوەستن بەهەردوو هێڵی بۆری ڕوسی (نۆرد ستریم و تورك ستریم)، قەدەغەی ئەوش دەكات هاریكاری سەربازی لەگەڵ توركیا بكرێت.

پڕۆژەكەی ڕوسیا لەبری ئۆكڕانیا لە ڕێگەی توركیاوە گاز دەگەیەنێتە ئەوروپا، ئەندامانی كۆنگرێسیش هەموو هەوڵێكیاندا هانی ئیدارەكەی ترامپ بدەن ئەو دوو پڕۆژەیە ڕاگرێت، كە نزیك بە تەواو بوونن.

پڕۆژەكەی ڕێگریش لەوە دەكات فڕۆكەی ئێف- 35 ی ئەمریكی ڕادەستی توركیا بكرێت، چونكە توركیا سیستەمی موشەكی ئێس -400  ی ڕوسی كڕیوە، كە لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆدا یەكانگیر نییە و مەترسی بۆسەر فڕۆكەكانی ئێف- 35 ی ئەمریكی دروست دەكات.
 
ماڕك ئەسبێری وەزیری بەرگری ئەمریكاش وتی: گرنگە توركیا بگەڕێتەوە ڕیزەكانی ناتۆ، هۆشداری ئەوەشیدا وادیارە ئەنقەرە گەرەكییەتی لەهاوپەیمانی ناتۆ جیابێتەوە بە هۆی ئەو مامەڵە موشەكییەی لەگەڵ ڕوسیا ئەنجامیداوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە، كە ئەنقەرە و مۆسكۆ ڕێككەوتوون چەند بارێكی دیكەی موشەكی ئێس – 400 ی ڕوسی ڕادەستی ئەنقەرە بكرێن، ئەم ڕێككەوتنەش نێوانی واشنتۆن و ئەنقەرە بارگرژاویتر دەكات.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر