كورد بە كاندیدكردنی سودانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی عێراق رازییە

کوردستان

14/12/2019‌ 1766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلیم هەمزە شووشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: كورد پشتگیری كاندیدكردنی محەمەد شییاع سودانی دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق،  باسی لەوەش كرد، كە ئەو پشتگیرییە لەرووی مەبدەئییەوەیە نەك فەرمی .

شووشكەیی لەلێدوانێكدا دەشڵێت: كەسایەتی محەمەد شیاع سودانی لای هێزە كوردییەكان ڕێزلێگیراوە لەبەر ئەوەی كەسایەتییەكی راشكاوی هەیە و لەوكاتەی هەردوو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی پیشەسازی لابووە هیچ كەموكوڕی‌و ئابرووچوونێكی لەسەر تۆمارنەكراوە، ئەوە جگە لەوەی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا پەرلەمانتارێكی چالاك بووە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا شووشكەیی باسی لەوە كردووە، كە هێزە كوردییەكان خواستی ئەوەیان هەیە پشتگیری سودانی بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو ئەگەر هات و خرایە بەردەمیان.

هەروەها دەشڵێت: ئەم پشتگیرییە بۆ پاڵاوتنی سودانی پشتگیرییەكی فەرمی نییە، بەڵكو تەنیا لەرووی مەبدەئییەوەیە.

چەند رۆژێكە میدیا عێراقییەكان ناوی سودانی دەهێنن، كە گوایە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكرێت‌و لەدوای ئەو دەنگۆیانەش ناوبراو دەستی لەپۆستە حیزبییەكەی كێشایەوە.

لای خۆیەوە هاوپەیمانی هێزەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ستایشی دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد شییاعی كرد لە پارتی ئیسلامی عێراقی‌و بەهەنگاوێكی ئازایانەی لەقەڵەمدا، هەروەك جەختیكردووەتەوە ناوبراو زۆرترین چانسی هەیە بۆئەوەی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو وەربگرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی