كوژرانی قاسم سلێمانی كارەسات بەدوای خۆی بۆ سعودییە دەهێنێت

مەلەفی تایبەت

05/01/2020‌ 1885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی (نیوزویك)ی ئەمریكی هۆشداری ئەوە دەدات كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی لەعێراق لێكەوتەی كارەساتباری بۆ سەر هاوپەیمانەكەی (سعودییە) لێدەكەوێتەوە.

گۆڤارەكە لە راپۆرتێكیداو پاڵپشت بە لێكدانەوەی شارەزا و چاودێرانی پسپۆر لەبازاری نەوت باسی لەوە كردووە پێدەچێ ئێران هێرش بكاتە سەر ژێرخانی نەوتی سعودییە وەك پەرچە كردارێك بۆ كوژرانی یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی تاران، هۆشداری ئەوەشیان داوە هەر هەڵكشانێكی نوێ لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پرۆفیسۆر جیسۆن پۆردۆف راوێژكاری پێشووی كاروباری وزە لەئیدارەی ئوباما و سەرۆكی ناوەندی سیاسەتی وزەی جیهانی لە زانكۆی كۆلۆمبیا باسی لەوە كردووە، كوشتنی سلێمانی وەك زەمین لەرزەیەك وابوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەوەی پێدەچێت ململانێی ئێران و ئەمریكا لە دەست دەربچێت.

ناوبراو پێشبینی ئەوە دەكات پەرچەكرداری ئێران قورس و وێرانكەر دەبێت، لەنێویاندا هێرش كردنە بۆ سەر ژێرخانی نەوتی و پێیوایە بە ئامانج گرتنی كۆمپانیای ئارامكۆ لەسعودییەو لە سیپتەمبەری رابردوو تەنیا سەرەتایەك بووە.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری بەرنامەی ئاسایشی‌ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپەیمانگەی ناوەندی ئاسایشی ئەمریكی نوێ لەواشنتۆن وتی: تووشی سەرسوڕمان نەبن ئەگەر ئێران هێرشی رۆكێتی بكاتە سەر سعودییەو ئیمارات، بەتایبەتی بنكەكانی ئەمریكاو دامەزراوە نەوتییەكان. 

وتیشی: ئەوان لە سیپتەمبەر بە وردی هێرشەكەیان ئەنجامدا، بەڵام هەوڵیاندا كەمترین زیان بگەیەنن، كەچی ئەمجارە پێدەچێ تەنیا بەوەوە نەوەستن.

هەروەها جۆن تێرمان، بەرێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بە پەیمانگەی ماساچۆتس بۆ تەكنەلۆجیا، پێیوایە ئێران نەوت هەڵگرەكان و دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە وەك تۆڵە بەئامانج دەگرێت بەبێ ئەوەی بچێتە ململانێیەكی راستەوخۆوە لەگەڵ ئەمریكا.

كۆمپانیای راپدینان ئێنێرجیی ئەمریكیش لەم بارەیەوە پێیوایە ئەو ئامانجانەی زیاتر رەنگە لەبەراو بگیرێن پاڵاوگەكانی (ئارامكۆ)یە لەشاری (یەنبەع) و بیرە نەوتییەكانی (سفانیە) و (خەریس)ە، كە لە سیپتمبەردا بە ئامانج گیرابوون.

سەرچاوە: نیوزویك 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا