نهێنی كۆبوونەوەو گفتوگۆكان بۆ دروستكردنی هەرێمێك بۆ سوننەكان

مەلەفی تایبەت

15/01/2020‌ 2167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكان گەرموگوڕن سەبارەت بە زیندووكردنەوەی پڕۆژەی هەرێمی ڕۆژئاوا، یان هەرێمێكی سونە، ئەمەش‌ لە سایەی زیادبوونی هەژموونی ئێرانی بەسەر بڕیاری سیاسی عێراقیدا.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە لەو چەند ڕۆژەی پێشوو لەچەند شارێكی عەرەبی و بیانی چەند گفتوگۆیەك لەبارەی هەرێمی سونەكان، یان چەند هەرێمێكی دیكە لەسەر بنەمای جوگرافی و مەزهەبی كراوە.

بەپێی سەرچاوەكان سێ لەو كۆبوونەوانە سەرنجی هێزە عەرەبی و جیهانییە كاریگەرەكانی ڕاكێشاوە، ئاماژەش بەوە دراوە تەنیا دانیشتن و گفتوگۆی لایەنە خاوەن هەژموونەكانی عێراق لەو بارەوە بۆ تاوتوێكردنی بیرۆكەكە لەخودی خۆیدا بەرەوپێشچوونێكی گەورەیە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و جەمال كاربولی سەرۆكی پارتی چارەسەر و ئەحمەد جبوری سەرۆكی پارتی جەماوەر لەو دانیشتن و ڕاگۆڕێنەوانە بەشدار بوون.

چاودێران پێیانوایە، كە ئەمریكا و چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە و بە تایبەتیش دەوڵەتە عەرەبییەكان لەوانەیە لەم قۆناغەدا دژ بەو ئاراستەیە نەوەستنەوە، بە تایبەتیش شیعەكان تاكلایەنە لەپەرلەمان بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزە ئەمریكایاندا بێگەڕانەوە بۆ كورد و سوننەكان.

لایەنەكان پێیان وایە كاتیەتی ئەم پڕۆژەیە زیندووبكرێتەوە و بەندەكانی دەستووری عێراق لەو بارەوە كارا بكرێن، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەوڕەوەی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عێراقی بەتەواوی پەكی كەوتووە.

هێشتا دیار نییە ئاخۆ هەرێمەكە تەنیا لە پاریزگای ئەنبار دادەمەزرێت یاخود‌ سەڵاحەدین و دەوروبەریش دەگرێتەوە.

بەرەی ئینقاز، كە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكایەتی دەكات پێیوایە بڕیاری تاكلایەنەی شیعەكان لەپەرلەمانی عێراق بە كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا یەكپارچەیی عێراق بە ئامانج دەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە سوننەكانی عێراق ئایندەی سیاسی خۆیان بەبوونی ئەمریكییەكانەوە گرێداوە.

ئەو بەرەیە، كە چەند مانگێك پێش ئێستا دروست بووە بۆ كێبڕكێكردنی بەرەكەی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر پێیانوایە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا خەنجەرێك بوو لەپشتی یەكپارچەیی خاكی عێراق درا، ئەو میتۆدە ترسناكەش ئەنجامی كارەساتباری دەبن لەسەر پەرتەوازەكردنی ڕیزەكانی عێراقییەكان و لە بەرژەوەنید ئەجێندای لایەنە دەرەكییەكاندایە، داواش لە ئاقڵمەندەكان دەكەن فریای ئەو دۆخە مەترسیدارە بكەون و نەهێڵن تەشەنە بكات.

بەرەكە پێیوایە جوڵە و قوربانییەكانی شەقام هێشتا بەردەوامن و بەرەكەشیان وەڵامدەرەوەیە بۆ ویست و ئارەزووەكانی شەقامی ناڕازیی، بەو مەبەستەی دۆخە بگاتە چارەسەرێكی سیاسی یەكلاییكەرەوە و حكومەتێكی ڕاگو‌زەری دابمەزرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختیش ئەنجام بدرێت و یاسا تازەكەی هەڵبژاردنیش بكەوێتەكار و كۆمیسیۆنێكی تازەی هەڵبژاردنەكانیش پێكبێت.

هەروەها سزای ئەوانەش بدرێت، كە خۆپێشاندەرانیان بە ئامانج گرتووە و هەڵبژاردنە پیشوەختەكەش لەژێر سایە و سێبەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت.

بەرەكە پێشیوایە داواكاری دامەزراندنی چەندجارەی ئەو هەرێمە سوننییە مافێكی دەستووری و یاساییە، بەڵام ئەوان ئەو پێشنیارەیان نەخستووەتەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە لەم قۆناغەدا ئەم كارە سەخت و دژوارە و میكانیزمی گونجاویش بەردەست نین بۆ كارێكی لەم جۆرە، داواش دەكەن عێراق نەگلێتە ناو ئاگری ملانێی ئەمریكی- ئێرانییەوە.

چاودێران دەڵێن: نوجەیفی دەیەوێت ڕێگە لە حەلبوسی بگرێت بەوەی وەبەرهێنان لە دۆخی ئێستای عێراقدا بكات و دۆسییەی هەرێمی سوننەكان زیندووبكاتەوە، كە جێگەی ڕەزامەندی چین و تویژێكی بەرفراوانی دانیشتوانی ڕۆژئاوای عێراقە.

هەروەها عزەت شابەندەریش بە توندی هێرشی كردەسەر حەلبوسی و پێیوایە حەلبوسی جوڵێنەری پڕۆژەكەی خەمیس خەنجەرە، شابەندرە هۆشداری ئەوەشیدا پێویستە دوای ئەو خەونە منداڵانە نەكەون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەمەنی حەلبوسی كە 40 ساڵی تەواو نەكردووە. 

وتیشی: حەلبوسیش بە خێرایی وەڵامی دایەوە و بێ ئەوەی ناوی بێنێت، هێرشی كردەسەر شابەندەر و وتی: پێویستە كەس موزایەدەی سیاسی بە یەكێتی خاكی عێراقەوە نەكات.

چاودیران دەشڵێن: جدییەتی پڕۆژەی هەرێمێكی سوننی تازە لە عێراق بەندە بەهەڵوێستی ئەمریكییەكانەوە و چۆنییەتی مامەڵەكردنی واشنتۆن لەگەڵ ئەو بیرۆكەیەدا، بە تایبەتیش لە دوای پاشەكشەكردنی هەژموونی ئێرانی لەناوچەكە لە ئەنجامی كوشتنی قاسم سلێمانی.

دەكرێت وا تەماشای ئەو پێشنیارە سوننییە بكرێت، كە كارتی فشاری سوننەكانە لەمەڕ ناڕەزاییان سەبارەت بە بەرێوەچوونی حوكمڕانی لە عێراق و نەچوونە ژێرباری هەژمووین شیعەكان.

لەو بارەوە چاودێرێكی سیاسی دەڵێت: ئەو داواكارییە ئاماژەیە بۆ ئارەزوو و ویستی چەند لایەنێك بۆ دەستبادانی لایەنە سونییەكانی دیكە، داواكارییەكە بەرژەوەندی تاكلایەنی پێوەدیارە، بۆیە پێشدەستییەكی بەهێز نییە‌.

چاودێرەكە ئەوەشی وت: چەند لایەنێكی سوننی گەرەكییانە متمانەی ئەمریكییەكان بەدەستبێننەوەو وتیشی: ئەو پڕۆژەیە خزمەت بە ئەمریكییەكان ناكات لە بەرەنگاربوونەوەی بڕیارە تاكلایەنەكەی شیعەكانی عێراق بە وەدەرنانی هێزە بیانییەكان لە وڵات، كە ئەمریكا وەڵامێكی توندی ئەو كۆششانەی دایەوە.

هەروەها چاودێران پێیان وایە پڕۆژەیەكی لەوجۆرە مقۆمقۆی زۆر دروست دەكات، ئەوەی دەشوترێت بەوەی گرنگیپێدانێك عەرەەبی جیهانی بۆ بیرۆكەكە لە ئارادایە تەنیا زیدەگۆییە (مبالغە)، چونكە خودی حەلبوسی بە لاگیری ئێران لە قەڵەم دەدرێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر