"خۆكوشتن"ی پێشمەرگەكەی یەكێتی گومانی دروست كردووە

کوردستان

17/01/2020‌ 1653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"خۆكوشتن"ی پێشمەرگەكەی یەكێتی گومانی دروست كردووە، بەو هۆیەشەوە كاردانەوەی جۆراوجۆر لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست بووە.

پێشتر حاجی مەسیفی  ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێـتی نیشتمانی بەشارپرێسی راگەیاندبوو، دیارە دوو شەو لەمەوبەر، هێزێكی  دژە تیرۆری پارتی دیموكرات سەعات 11 شەو دەورەی  ماڵی (مەجید برایم عەبدوڵڵا) پێشمەرگەی لیوای 7ی پیادە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیان داوەو دەستگیریان كردووە.

حاجی مەسیفی راشیگەیاند، دوو رۆژ دوای گرتنەكەی یەكەس‌و كارەكەیان راگەیاندووە وەرن تەرمەكەی بەرنەوەو ناوبراو لەزیندان خۆی خنكاندووە.

حاجی مەسیفی ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی  تەرمەكەیان بردووە بۆ پزیشكی دادوەری هەولێر پێیڕاگەیاندوون، كە بەپەت خۆی خنكاندووە، لەكاتێكدا هەموومان دەزانیین لەزیندان پەت‌و هەموو ئەو جۆرە شتانە قەدەغەیە، بۆیە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە كەس و كارەكەی بڕیاریاندا تەرمەكە ببەن بۆ پزیشكی دادوەری سلێمانی تا راپۆڕتی ئەوانیش ببیستن".

هەروەها مەسیفى لەبەردەم پزیشكی دادوەری ھەولێر ئەوەشى بەرۆژنامەنوسان راگەیاند، گومانمان لەروداوەكە ھەیە كە ئەو پێشمەرگەیە لەزیندانی ئاسایشی ھەولێر خۆی خۆی خنكاندبێت ئەو راپۆرتە پزیشكیەمان رەتكردۆتەوە و سكاڵای یاسایش تۆمار دەكەین .


دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەشارپرێس ژمارەیەكی زۆر لەبەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گومانی خۆیان لە "خۆكوشت"ی ئەو پێشمەرگە راگەیاند، كە لەو بارەشەوە چەندین وێنە بڵاوكراوەتەوە.

بەپێی گومانەكان‌و ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە، بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن، كە جەستەی ئەو پێشمەرگەیە ئاسەواری لێدانی پێوەدیارەو رەنگە "دەستێك لەپشت خۆكوشتنەكەیەوە هەبێت".

شارپرێس لەبارەی ئەوەی، كە یەكێتی قسەی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی كردووە، پرسیاری لە ئەندامەكەی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی كردو لەو بارەوە وتی: قسەمان لەگەڵ كەس نەكردووە،  بەڵام كەس و كارەكەی چاوەڕێی دواین بڕیارو راپۆرتی پزیشكی دادوەری سلێمانی دەبن، دوای ئەوەش مافی خۆیانە سكاڵا تۆماربكەن.

دوای رووداوەكەش ئاسایشی هەولێر لەروونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی بڕی 60 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەلایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوەو وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی، كە خاوەندارییەتی ماددەكە دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتی (مەجید برایم عەبدوڵڵا)، رەزامەندی دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەگوندی سیساوەی سەر بە شارۆچكەی هەریر.

ئاسایش راشیگەیاند، كە لەكاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی، كەسێكی دیكە لەسەر هەمان دۆسییە دەستگیركراو بڕێكی دیكەی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا.

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، بەداخەوە لە رۆژی 16/1/2020، ناوبراو لەناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگاداركردنی دادوەر، تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، ئاسایش جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە تەواوی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەم دۆسییە و رێكارە یاساییەكان بەردەستن.

هاوکات كاروان گەزنەیی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە میدیاى فەرمى حزبەکەى راگەیاندوە، بەهەر پاساوێك بێت گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە لەناو دەزگای ئاسایش قابیلی قبوڵ نیە.

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردوە، بەهیچ شێوەیەك نابێت كەرەستەی خۆ خنكاندن لای گیراوبێت، زیاتر رونیشی كردەوە، ئەم پێشمەرگەیە بەبێ بڕیاری حاكم گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێش روداوەكە ناكەوین داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وپەرلەمان دەكەین رونكردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە بدەن لیژنەی تایبەت پێك بێنن.

هـ ـ ح