ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریكا و روسیا لەسەر خاكی سوریا

ڕاپۆرت

28/01/2020‌ 1811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (سفوبودنایا پریسا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی رەتكردنەوەی هەواڵی پێكدادانی نێوان ئەمریكا و روسیا لەلایەن هەردوو وەزارەتی بەرگریەكانییانەوە لە سوریا، بەڵام ئایا لەراستیدا پێكدادان رووینەداوە؟

بەپێی راپۆرتەكە، بە درێژایی مێژووی ئەمریكا زیاتر لە 200 جار بەشداری لەململانێی چەكداریدا كردووە لەجیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ روسیادا (سۆڤێت) بە راستەوخۆ رووبەرووی یەكتری نەبوونەتەوە.

بەڵام، وەك دەردەكەوێت، رووبەرووبونەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە سوریا روویداوە، كەچی ئەزموون و هەماهەنگی نێوان هەردوو سوپا رێگر بووە لە پێكدادان، نموونەش لەسەر ئەو پێكدادانە بریتییە لەوەی لە یۆگسلافیای پێشوو روویدا لەچوارچێوەی هێزە ئاشتی پارێزەكان، كاتێك پەڕەشوتەوانەكانی روسیا دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەی (پریچینا) گرت و لەو كاتەدا ئەمریكی و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ بوونیان لەو شوێنە هەبوو.

لەو كاتەدا، لە شەوی 11ی یۆنیوی 1999، و دوای داگیركردنی ئەو فڕۆكە خانەیە لەلایەن روسەكانەوە، رەنگ بوو جەنگی جیهانی سێیەم رووبدات، بەڵام رووینەدا. سەرۆكی ئەكادیمیای كێشە جیۆسیاسییەكان (لیونید ئیفاشۆف)، كە لەو كاتەدا سەرۆكی بەرێوەبەرایەتی ناوەندی هاوكاری سەربازی نێودەوڵەتی بووە لە وەزارەتی بەرگری روسیا دەربارەی پەرەسەندنی دۆخەكە وتی: سێ پاساوی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی ناتۆ هێز لە دژی روسیا بەكارنەهێنێت، لە پێناو بڕیاردانی لەو جۆرەدا، لەسەر ناتۆ پێویست بووە رەزامەندی ئەنجوومەنی ناتۆ بەدەست بهێنێت، لەو كاتەشدا ناتۆ نەیانویستووە شەڕی ئێمە بكەن، ئەڵمانەكان و فەرەنسی و ئیتاڵییەكان تەنانەت بەریتانییەكانیش پشتیوانی ئەو جۆرە بڕیارە نەبوون، ئەمریكاش بە تەنیا نەیدەویست بچێتە ململانێیەكی راستەوخۆ لەگەڵ روسیادا. 

هەروەها لەو كاتەدا لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا جوڵاین، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی.

دۆخی ئێستای سوریا لەو كاتە دەچێت، بەوەی ئەمریكا نایەوێت ململانێكە رووەو رووبەرووبوونەوەی روسیا بەرێت، لەبەرئەوە، دەكرێت هەندێك هەڵكشانی زۆر بچووك لەنێوان سەربازییەكانی هەردوو وڵاتدا رووبدات، بەڵام بەرژەوەندییەكی ئێجگار زۆر لە نێوانیاندا هەیە و ناگاتە ئاستی تەقینەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا