ئەمریكا روسیا ڕادەگرێت.. كورد دەیەوێت پێگەی واشنتۆن لەرۆژئاوا بەهێز بێت

لە میدیاکانەوە

29/01/2020‌ 1969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی هاوكاری كوردەكان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا رووەو پتەو بوون و مانەوەی هێزەكانی واشنتۆن لە ناوچەكانیاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، بەریەككەوتنەكانی نێوان هێزە روسی و ئەمریكییەكان لە باكووری سوریا بەردەوامی هەیە، میدیا عەرەبی و كوردییەكان گرتە ڤیدیۆیەكی رۆژی شەممەیان بڵاوكردووەتەوە، كە لە ناوچەی (تەل تمر) روویداوە، تێیدا هێزەكانی ئەمریكا جارێكی تر كاروانێكی ئێشكگری سەربازی روسیایان لەوێ وەستاندوەو مشتومرێكی زۆر لە نێوانیاندا هاتووەتە كایەوە، بەڵام چەكی تێدا بەكارنەهێنراوە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئاڵۆزی نێوان هێزەكانی ئەو دوو وڵاتە لە سوریا ماوەیەكی دورودرێژە بەردەوامە، تا ئەو ڕادەیەی كار گەیشتە ئەوەی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا پێش ساڵێك جەنراڵێكی روسی رابگرن، كە لە رێگەدا بوو بەرەو مەنبەج.

هەرچی كوردەكانە، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (مەزلوم عەبدی) شەممەی رابردوو باسی لەوە كرد روسیا و ئەمریكا رۆڵێكی كاریگەریان هەیە لە باكووری سوریا و بە پۆزەتیف وەسفی كردووە، بەتایبەتی لە چارەسەر كردنی كێشەكانی باكووری سوریا. 

هەروەها ئاماژەی بە ناڕوونی گەڕانەوەی هێزە ئەمریكییەكان كرد بۆ ناوچەكە، بەتایبەتیش ناوچە نەوتییەكان.

كوردەكان لای خۆیانەوە زۆر چالاكانە رەفتار لەگەڵ روسیا و ئەمریكادا دەكەن، ئەوان یارمەتییەكانی پەنتاگۆن رەتناكەنەوەو داواش ناكەن هێزە ئەمریكییەكان لە سوریا بكشێنەوە. 

بەگوێرەی قسەی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمریكا گرنگە بۆ جەنگی دژی داعش، و كشانەوەی خێرای هێزەكانی ئەمریكا بووە مایەی دووبارە رێكخستنەوەی بەكرێگیراوەكانی داعش، بەپێی پێشبینییەكانی ناوبراو، كاری زاڵ بوون بەسەر رێكخراوی داعشدا بەچەند مانگێك ئەنجام نادرێت و پێویستی بەچەند ساڵێك هەیە.

هەروەها لە راپۆرتەكانی نێو بەرهەڵستكارانی دیمەشقدا روون كراوەتەوە، كوردەكان دژی بەهێزبوونی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نین لە سوریا، لەو بارەیەوە شارەزای بواری سەربازی جەنراڵ (یوری نیتكاچیف) دەڵێت: بڕوام وایە رووبەرووبوونەوە لە نێوان ئەمریكا و روسیا لە سوریا روونادات، هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە بۆ هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە. 

رۆژێك لە رۆژان بەسەر سەرجەم گروپە توندرەوەكانی داعشدا سەركەوتن بە دەست دێت، هەرچی سەربازەكانی پەنتاگۆنیشە وڵات بەجێ دەهێڵن، ئەگەر بێت و جەنگێكی نوێی ئەهلی لە سوریا دەست پێنەكاتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا