ئێران چەند مانگێكی دەستكرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات

هەمەڕەنگ

13/02/2020‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، بەرنامەیان هەیە لەمانگی مایسی ئەمساڵ مانگی دەستكردنی "ناهید١" لەسەر پشتی موشەكی "زولجەناح" ڕەوانەی خولگەی زەوی بكات .

بەگوێرەی ئاژانسی "میهر"ی ئێران، وابڕیارە مانگی دەستكردی "ناهید١"، كە بۆ بواری خزمەتگوزاری پەیوەندییە بیتەلەكان سوودی لێوەردەگیرێت، لەڕێگای مانگی دەستكردنی "زولجەناح"، كە بە سووتەمەنی رەق كار دەكات بنێردرێتە بەرزی ٢٥٠ كیلۆمەتری بەرزایی ئاسمان.

بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەكە، قۆناغەكانی دیزاین و دروستكردنی مانگە دەستكردەكە و موشەكە هەڵگرەكەش تەواو بووە و پێشبینی دەكرێت لەكۆتایی مانگی مایسی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵدانەكە ئەنجام بدرێت.

جگە لەو مانگە دەستكردە،  رێكخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێرانی پلانی هەیە مانگە دەستكردەكانی "پارس ١ و ٢" و "زەفەر ٢ و ناهید ٢" رەوانەی ٥٠٠ كیلۆمەتری بەرزایی بۆشایی ئاسمان بكات.

پلانی رەوانەكردنی ئەو مانگە دەستكردانە دوای ئەوە دێت، كە ئێران بۆ سێیەم جار لە هەڵدانی مانگی دەستكرد لەڕێگای موشەكی دروستكراوی ئێرانی و لە سەكۆی هاویشتنی ناوخۆی وڵاتەوە شكستیهێنا، كە بڕیار بوو مانگی دەستكردی "زەفەر ١ " رەوانەی ٥٠٠ كیلۆمەتری بەرزی بۆشایی ئاسمان بكات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی