شارپرێس:
ڤایرۆسی كۆرۆنا لەمانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ لە چین وەك نەخۆشییەكی نەناسراو سەریهەڵدا، بەجۆرێك خاسییەتەكانی لەگەڵ ڤایرۆسە ناسراوەكانی تر نەدەهاتەوە، هەر ئەمەش وایكرد ترس و نیگەرانییەكی زۆر لەجیهاندا دروست بكات لەسەر ئەوەی نەدەزانرا ڕاددەی كاریگەری ڤایرۆسەكە لەسەر خەڵك چەندە .
ڕێگاكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا
ڤایرۆسەكە لەو ڤایرۆسانەیە، كە دەبنە هۆی دروستبوونی تەنگەنەفەسی توند، هەر ئەمەش پاڵینا بە رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بۆ ئەوەی ڕێنمایی خۆپاراستن لەتووشبوون لە ڤایرۆسەكە دەربكات .
ئەمانەی خوارەوەش رێنماییە نموونییەكانی ڕیكخراوی تەندروستی جیهانییە، كە بۆ سنووردانان لەتووشبوون لەنەخۆشییەكە و گواستنەوەی دەریكردوون :
بەردەوام شوشتنی هەردوو دەستەكان بە ئاو و سابوون ، ئەگەر بكرێت پاككردنەوەیان بە پاككەرەوەی كحوولی.
لەكاتی كۆكە پژمیندا هەوڵ بدە دەم و لووتت بە كلێنس یان پارچە پەڕۆیەك دابپۆشیت، دواتریش كلێنسەكە فڕێ بدە و دەستبەجێ دەستەكانت بشۆ.
هەوڵ بدە لەوكەسانە دووربكەوە كە تووشی تا و كۆكە بوون .
ئەگەر تووشی تا و كۆكە و هەناسەتوندی بوویت ، ئەوە بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە بكە .
هەوڵ بدە خۆت بەدوور بگریت لەدەستدان لە ئاژەڵە زیندووەكان و ئەو رووانەی ئاژەڵەكان بەریدەكەون .
هەوڵ بدە لە خواردنی بەرهەمە ئاژەڵییە كاڵەكان یان باش نەكوڵاوەكان خۆت بەدوور بگریت ، دەبێت زۆر بەوریایی مامەڵە لەگەڵ گۆشتی كاڵ یان شیری نەكوڵاو و ئەندامانی جەستەی ئاژەڵدا بكرێت بۆئەوەی ڕێگری بكرێت لە گواستنەوەی تەنۆكە پیسەكان لە خواردنە باش نەكوڵاوەكەوە بۆ جەستەی كەسەكە .
نیشانەكانی كۆرۆنا
نیشانەكانی بەگوێرەی ڤایرۆسەكە دەگۆڕێت، بەڵام دیارترین نیشانەكانی بریتین لە تەنگەنەفەسی ، تا ، كۆكە، لە حاڵەتە توندەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە دەبیتە هۆی هەوكردنی سییەكان و كۆنیشانەی توندی كۆئەندامی هەناسە و پەككەوتنی گورچیلە و تەنانەت مردنیش .
لەگەڵ ئەوەی لەسەدا ٩٩ ی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە چین تۆمار كراون ، بەڵام تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندوستی جیهانی جەختیكردووەتەوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا "هەڕەشەیەكی زۆر ترسناكە لەسەر جیهان ".
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی