پارتی لەپێناو پۆستە وەزارییەكانی عێراق مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەكات

کوردستان

18/02/2020‌ 3194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات لەپێناو پۆستە وەزارییەكانی عێراق مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست كردووەو لەو بارەشەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە گفتوگۆی رەتكردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، بەشێك لەلایەنە شیعییەكانی عێراق هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرن، ئەگەر پارتی دیموكرات هاوكارییان نەكات لەمتمانەدا بەكابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو هەڕەشانە دوای ئەوە بووە، پارتی دیموكرات سووربوونی خۆی نیشانداوە بەوەی دەبێت پشكەكانی لەحكومەتی عێراق، بەتایبەتی كاندیدی وەزارەتەكان خۆی دیاری بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، محەمەد تۆفیق عەلاوی جەختیكردووەتەوە، كە خۆی كەسایەتییەكان بۆ پۆستە وەزارییەكان دیاری دەكات‌و بۆ پشكی كوردیش خۆی چەند كاندیدێك هەڵدەبژێرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە عەلاوی لەو بارەوە داوای گفتوگۆی لەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە، بەڵام ناوبراو رەتكردووەتەوە گفتوگۆ بكات، بۆیە لایەنە شیعییەكانیش پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان هێناوەتە پێشەوە.

سەرەتای ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و بڕیارە لەماوەی سی رۆژدا كابینەكەی رابگەیەنێت.

هاوكات كۆبوونەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدوو رۆژی رابردوو لەهەولێر نیگەرانییەكانی لایەنە شیعییەكانی زیاتر كردووە، بەوەی هەردوولا رێككەوتوون دەبێت خۆیان كاندیدی پۆستە وەزارییەكان دیاری بكەن.

هـ ـ ح