ئێران پشتیوانی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ناكات

عیراق

19/02/2020‌ 1034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەحیا كوبەیسی راوێژكاری ناوەندی عەرەبی بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان دەڵێت: ئێران نایەوێت كارێك بكات سەربكێشێت بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لەبەر ئەوەی تاران نایەوێت بەو هەنگاوەی عێراقی لەدەست بچێت، كە سەرچاوەی سەرەكی دەستكەوتنی دراوی قورسە بۆ ئەو وڵاتە، بەهۆی ئەوەی لەحاڵەتی دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان ئەگەری زۆرە واشنتۆن سزای ئابووری بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

كوبەیسی لەلێدوانێكدا وتی: تاران لە داواكارییەكانی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق جیددی نییە، بەوپێیەی ئەو هەنگاوە ناچێتە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئێرانەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوە مەترسی گەڕانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەبێتە شتێكی جیدیی، هەروەك چۆن رەنگە عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە سزای ئابووری بەسەردا بسەپێنرێت.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا كوبەیسی دەڵێت: واشنتۆن هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە سزا بەسەر هەر دەوڵەتێكدا دەسەپێنێت پابەند نەبێت بە سزاكانی سەر تاران، بەڵام بەغدای لەم دۆسیەیەی بەدەر كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە عێراق سەرچاوەی دووەمی دەستكەوتنی دراوی قورسە بۆ تاران، كە ئامادە نییە لەڕێگای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ئەو سەرچاوەیە لەدەست بدات. 

هەر لەبەر ئەوەش، كە تاران لەدەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا مكووڕ نییە بۆیە هێزەكانی سەر بە ئێرانیش لەعێراق خاوەن بڕیاری خۆیان نین و ئەوە جێبەجێدەكەن، كە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

بەقسەی راوێژكارەكەی ناوەندی عەرەبی بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان، لێدوانەكانی تاران بۆ باسكردن لە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا جۆرێكە لە بێزاركردن و هەوڵی تاران بۆ دانوستانی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، لەسەر بنەمای ئەوە ئەو پێیوایە، كە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن پابەندی دروست ناكات.

هەروەها وتیشی: داواكاری بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەكان پڕوپاگەندایەكە بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی