عادل عه‌بدولمه‌هدی نامه‌یه‌كی هۆشداریی ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات

عیراق

19/02/2020‌ 946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات، داواده‌كات په‌له‌ بكرێت له‌ متمانه‌به‌خشین به‌ حكومه‌تی نوێی عێراق.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق له‌نامه‌كه‌یدا بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت "دوای دوو مانگ و نیو له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م هێشتا حكومه‌تی نوێی عێراق پێكنه‌هێندراوه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌بوو له‌ماوه‌ی 15 ڕۆژدا سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ڕابسپێردرێت".

عه‌بدولمه‌هدی ده‌شڵێت "ڕۆژی 2 ئاداری داهاتوو ماوه‌ی ده‌ستووریی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كۆتایدێت، داوا له‌ خوشكان و برایانم له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌م ئاگاداری مه‌ترسی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و ده‌ستووری بن له‌ عێراق".

داواشده‌كات، حكومه‌تی نوێی عێراق به‌زویی متمانه‌ی پێببه‌خشرێت و ئه‌و حكومه‌ته‌ كاربكات بۆ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ عێراق.

ئه‌و نامه‌یه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق له‌كاتێكدایه‌، تا ئێستا هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندیدی پۆسته‌ وزارییه‌كان له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق ڕێكنه‌كه‌وتوون.

ڕ . ج