توركیا ناكۆكی و گرژی دەخاتە نێو عەرەبەكان

لە میدیاکانەوە

20/02/2020‌ 1479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی لەدەستچوونی هەلەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەنداو بەهۆی مكوڕبوونی دەوحە لە هاوبەشی كردن لەگەڵ ئەنقەرە و دەستێوەردانی ئەو وڵاتە لە دۆخی سوریا و لیبیا.

بەپێی راپۆرتەكە، هاوبەشی توندو تۆڵی قەتەر لەگەڵ توركیا چارەسەركردنی ململانێی دیبلۆماسی لە نێوان شانشینەكەو دراوسێكانیدا ئالۆزكردووە، كە لە ساڵی 2017 ەوە بەردەمیی هەیە.

پێش ماوەیەك ئاماژەی جدی هەبوو بۆ ئەوەی ململانێكان لە ئۆكتۆبەری 2019 دا چارەسەر بكرێن، رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمریكییش نووسیبووی: وەزیری دەرەوەی قەتەر گەشتێكی رانەگەینراوی بۆ ریاز ئەنجامداوە گفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا كردووە، كەچی دۆخەكان وەك جارانیان لێهاتەوە و گفتوگۆكانی نێوان قەتەرو دراوسێكانی سڕكران بەهۆی چالاكیەكانی توركیا لە لیبیا و سوریا.

لەو بارەیەوە، مامۆستای كولیجی سیاسەتی جیهانی لەزانكۆی مۆسكۆی حكومی (گرگۆری كۆساچ) دەڵێت رەفتارەكانی توركیا لەناوچەكەدا گفتوگۆی نێوان سعودیەو قەتەری ئالۆزكردووەو بووەتە فاكتەرێكی تر لە دواخستنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

بەڵام ناوبراو وای نابینێت، كە كێشەی توركیا لە ئێران گرنگتر بێت لە خشتەی كارەكانی ئەندامە دیارەكان لە ئەنجوومەنی هاوكاری كەنداو. 

بەگوێرەی قسەی كۆساچ رەنگە لە توركیا توڕە بن و هەڵمەتی لە دژ بەرپا بكەن و زیاتر بە كێشەكانی دەروبەری ئێرانەوە خەریك نەبن، بەڵام ئەمە بەهۆی دۆخی ئێستاوەیەو بەهیچ شێوەیەك مانای ئەوە نییە دەستبەرداری ئەوە بن، كە ئێران ركابەری سەرەكییە لە ناوچەكەدا.

لەلایەكی ترەوە، بەدوور دەزانرێت پەیوەندیەكانی نێوان قەتەر و توركیا ببێتە هۆی ئەوەی لیستی داواكارییەكان لەلایەن لیژنەی چوارقۆڵی دژە قەتەر زیاد بكات و لە دوا بڵاوكردنەوەی رۆژنامە سعودییەكاندا هەمان داواكارییەكانی پێشوو دووبارە كراونەتەوە، بۆ نموونە پێویستە قەتەر دەستبەرداری چالاكییە ئیستفزازییەكانی بێت لە بواری راگەیاندندا. 

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا