وڵاتانی عەرەبی دەیانەوێت رێگەی چوونە لیبیا لە ئەردۆغان بگرن

مەلەفی تایبەت

19/03/2020‌ 2219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی رۆڵی میسر و ئیماراتی عەرەبی لەرێگەگرتنی دەریایی لەبەرانبەر كەشتی چەكەكانی توركیا بۆ لیبیا.

بەپێی راپۆرتەكە، لە سوپای نیشتمانی لیبیادا چەند یەكەیەكی تایبەتی دەریایی زیادی كردووە و كاریان بریتییە لە رووبەرووبوونەوەی هێزەكانی توركیا، كە بەگوێرەی رۆژنامەی (العربی الجدید) هێزە نوێیەكە لە لیبیەكان پێك دێت، بەڵام ئیمارات و میسر دوو ركابەرە سەرەكییەكەی سیاسەتەكانی ئەردۆغان لە لیبیا بەشداری لە دروست كردنیدا دەكەن.

بەڵام لە نێوەندی شارەزایاندا، گومان دەربارەی یەكە نوێیەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا هەیە، لەم بارەیەوە، شارەزای سەربازی (یوری لیامین) دەڵێت: گومانم دەربارەی چالاكی پرۆسەكانی هێزە دەریاییەكانی نیشتمانی لیبیا بە تەنیا هەیە. 

هەروەها دەڵێت: بەبێ پشتیوانی چڕی فرۆكە. لە واقیعدا، توركیا لە ماوەی نێوان یەنایر تاكو فیبرایەر توانیویەتی كەشتیە قڕ لە چەك و تەقەمەنیەكانی بگەیەنێتە تەرابلس. سوپای نیشتمانی لیبیا هیچ شتێكی لە دەریادا نیە هاوتای تواناكانی هێزە توركیەكان بێت.

لیامین ئاماژەی بەوەش داوە بەشێكی زۆر لە كەل و پەلە جەنگیەكانی توركیا پێش ئەوە لە رێگەی ئاسمانیەوە گواستراونەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو كەل و پەلانەی نرخ و قەبارەیان گەورەیە لە رێگەی دەریاوە گەیەنراون.

لای خۆیەوە، شارەزای ئەنجوومەنی روسیی بۆ كاروباری دەرەوە، ئەنتۆن مارداسۆف ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، پارێزەرانی حەفتەر هەوڵی ئەوە دەدەن رێگەی دەریایی لە حكومەتی نیشتمانی بگرن و چەكی پێنەگات، هەستیان بەوە كردوە كاری دەریایی یەكێتی ئەوروپا كە چاوەڕوان دەكرێ لە وەرزی بەهاردا دەست پێدەكات لە واقیعدا لە بەرژەوەندی حەفتەردا كار دەكەن.

مارداسوف دەشڵێت: لەلایەكی ترەوە، روون نییە ئەم كارەی ئەوروپییەكان لە بەهاردا چی دەبێت دەربارەی كۆچبەری و چۆن سزای ئەوانە دەدات، كە چەك دەگوازنەوە، چونكە ئەو كەشتیانەی چەكی توركییان هەڵگرتووە لە تەرابلس ئاڵای لوبنانیان بەرزكردووەتەوە و كەشتی جەنگیشییان لەگەڵدایە. 

هەروەها دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆر تری وردەكاری هەیە، كە روونە حەفتەر دەیەوێت دوژمن بخاتە دۆخێكی نا بەرانبەر و نا یەكسانەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا