قائیمقامی سلێمانی له‌باره‌ی "قەیران"ی كەمی خواردن و پێداویستی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

22/03/2020‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قائیمقامی سلێمانی رەتی دەكاتەوە هیچ گرفتێك لە كەمی خواردن و پێداویستی لە سلێمانی هەبێت و دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتیانی شارەكە و دەڵێت، هیچ گرفت و قەیرانێك لە خواردن و پێداویستی رۆژانەدا نیەو بڕی پێویستی خواردن و پێداویستی لە كۆگاكاندا هەیە.

ئه‌مشه‌و لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان و  بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی و ئاسایشی ئابوری و سەرۆكی یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاری سلێمانی باس له‌ پێداویستییه‌ خۆراكییه‌كانی هاوڵاتیان كرا.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "رۆژانە لە رێگەی خاڵە سنورییەكانەوە خواردن و پێداویستی دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی، لەم رووەوە دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاوڵاتیان هیچ دودڵی و گومانێكیان لە كەمی خواردن وپێداویستیەكانی رۆژانە نەبێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هەموو رێوشوێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بڕی پێویستی خواردن و كاڵاو شتومەك بگاتە هەرێمی كوردستان.

ئاوات محەمەد دەشڵێت، زیاتر لە 3 هەزار تۆن خوردن و پێداویستی بەڕێگەوەیە بۆ هەرێمی كوردستان و لە نزیكترین كاتدا دەگاتە شاری سلێمانی و پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان ئەمە جگە لەوەی لە كۆگاكاندا بە هەزاران تۆن خواردن و پێداویستی عەمباركراو هەیە.

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، لە خاڵە سنورییەكان كارئاسانی تەواو بۆ بازرگانان دەكرێت بۆ ئەوەی كاڵاو پێدویستیەكان بەبێ هیچ گرفتێك بهێننە هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو خواردن و كاڵایانەش لەژێر چادێری ووردی تەندروستیدا دوای دڵنیابونەوە رێگە بە هاوردەكردنیان دەدرێت.