یەكێتی مەرجی كوتلە كوردییەكان بۆ دەنگدان بە عەدنان زورفی ئاشكرادەكات

کوردستان

26/03/2020‌ 2268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەرجی كوتلە كوردستانییەكان بۆ دەنگدان بە كابینەی حكومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی عەدنان زورفی پەیوەستە بە رێكەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەكی گرنگ لەگەڵیدا.

لەو بارەیەوە ئەڵماس فازیل پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لەدیارترین ئەو دۆسییانەی دەمانەوێت لەگەڵ سەرۆك وەزیری راسپێردراو لەگەڵی رێكبكەوین بریتییە لە پرسی ماددەی ١٤٠ و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەموو ناوچە كیشەلەسەرەكان و دۆسیەی پشكی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی و ماف و دەستكەوتەكانی كورد لە دەستووردا . 

فازیل روونیكردووەتەوە، كوتلە كوردستانییەكان هیچ پارێزێكیان بەرانبەر بە هیچ ناوێك نییە، كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رادەسپێردرێت بەو مەرجەی لەگەڵیدا ڕێككەوتن لەسەر رۆڵ و قورسایی كورد لە كابینەی نوێدا بكرێت .

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كوتلە كوردستانییەكان كاتێك لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا   دەنگ بە كابینەكەی زورفی دەدەن، كە جگە لە ڕێكەوتن لەسەر ئەو دۆسیانەی پەیوەندیان بە كوردەوە هەیە لایەنە شیعییەكانیش لەنێوان خۆیاندا لەسەر ئەوە رێكبكەون، كە پشتیوانی ناوبراو بكەن.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی