ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی عێراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون

عیراق

30/03/2020‌ 1474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سادق موسەوی سیاسیی عێراقی دەڵێت: ژمارەیەك گەورە بەرپرسی عێراقی، كە بە "گەندەڵكار"ی وەسف كردوون تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

سادق موسەوی دەشڵێت: ئەو كەسانە لەكەرەنتینە چاودێری تەندروستی تایبەتیان بۆ تەرخان كراوە‌و لەشوێنی تایبەتی ڤی ئای پی چارەسەر وەردەگرن.

موسەوی لەتویتێكدا لە هەژماری تایبەخی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: زانیاری هەیە دەیان بەرپرسی باڵا، كە لە دۆسییەی گەورەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

ئەوەشی نووسیوە: ئەو بەرپرسانە كەرەنتینەی تایبەتیان بۆ تەرخانكراوە و لەڕووی پزیشكییەوە بەشێوەیەكی باش چاودێریی دەكرێن.

هەرچەندە موسەوی ناوی ئەو بەرپرسانەی نەهێناوە، كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام یەكێكیان بریكاری وەزیری بازرگانی عێراقە، كە رۆژی شەممە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، وەلید حەلۆ بریكاری وەزیری بازرگانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەوەش بوو بەیەكەم بەرپرسی حكومی لە عێراق، كە تووشی ڤایرۆسەكە ببێت .

هەرچی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لەماوەی پێشووتردا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردبووەوە، كە باسیان لەوە دەكرد ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون بەتایبەت ئەوانەی بەردەوام هاتووچۆی ئێران دەكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی