پێدەچێت ترامپ ئامادەی ئەنجامدانی سەوداو مامەڵەیەكی نەوتی بێت

مەلەفی تایبەت

04/04/2020‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " ئیكسپرت ئۆنلاین" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی پێكانی ئەو ئامانجەی مۆسكۆ لە كشانەوەی "ئۆپیك +" دا بەدەستی هێنا؛.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەو شۆكەی توشی كۆمپانیا نەوتییەكان هات بەهۆی شكستی (ئۆپیك +) ەوە، ئەمریكای زۆر نیگەران كردووە سەرەرای لێدوانەكانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.

وەزیری وزەی ئەمریكا (دان پرویت) دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری وزەی روسیا (ئەلكسەندەر نوفاك) بكات سەبارەت بەدۆخی بازاری جیهانی نەوت، ئەمەش ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردووەتەوە پالپشت بە سەرچاوە تایبەتەكانی وەزارەتی وزەی ئەمریكا، بەڵام تا ئێستا هیچ كاتێكی دیایكراو بۆ ئەو دیدارە نییە.

بەگوێرەی ئاژانسەكە، هەردوو وەزیر باس لەو رێگایانە دەكەن، كە لە میانەیەوە گەورە بەرهەم هێنەرانی نەوتی خاو بتوانن رووبەرووی كێشەی ناجێگری بازارەكانی نەوتی جیهانیی ببنەوە، كە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو هاتۆتە ئاراوە.

هەروەك هەردوو ترامپ و پۆتین رۆژی دووشەممەی رابردووی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنییان لەم بارەیەوە ئەنجامدا، تێیدا باسیان لە دۆخی بازاڕی نەوت كردو رێككەوتن لەسەر ئەوەی بیروڕا لەبارەی ئەم بابەتەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی وزە بگۆڕنەوە. 

بەگوێرەی قسەی وتەبێژی كۆشكی سپی (جود دیر) یش، هەردوو سەرۆك تێبینی ئەوەیان كردووە، كە پێویستە بازاڕەكانی وزە سەقامگیر بن.

بەگوێرەی شرۆڤەكار لە پێگەی Freedom Finance  (فالیری ئیمیلیانۆف)، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بە شێوەیەكی راستەوخۆ واشنتۆن پەنا بۆ مۆسكۆ بەرێت تاكو بازاڕەكانی نەوت رێكبخرێن، و لێكدانەوەكانی كرملین راست دەرچوون، بەوەی نرخی ئێستای نەوت مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر گەشەی نەوتی بەردی. 

لە راستیشدا، ئامانجی روسیا لەسەرەتاوە ئاوت كردنی شانشینی سعودییە نەبووە لە بازاڕەكان، بەڵكو نەوتی بەردی بوە.

ئیمیلیانۆف وای دەبینێت، روسیا وەها تەماشای ئەمریكا دەكات، كە هەلێك بێت و هەندێ لە سزاكانی لەسەر هەڵبگرێت، بەتایبەتیش لەسەر پرۆژەی (غازی باكور-٢)، بەڵام زۆر قورسە پێشبینی ئەوە بكرێت كۆشكی سپی وەڵامی ئەمە بداتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا