لەئەگەری شكستهێنانی زورفی جڵەوی دەسەڵات دەكەوێـتە دەست بەرهەم ساڵح

مەلەفی تایبەت

04/04/2020‌ 1245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وادە دەستوورییەكەی عەدنان زورفی (30 ڕۆژ) تەنیا 12 ڕۆژی ماوە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەیی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق.

لەو بارەوە پرسیارگەلێك خۆیان زەق دەكەنەوە، ئایا لەو ماوەیەدا زورفی دەتوانێت حكومەتەكەی پێكبێنێت و متمانەی پەرلەمانیش وەر‌گرێت، سەرباری ئەوەی چەندەها نەیاری سەرسەخت بۆی لەكەمیندان، كە مكوڕن لەسەر شكستپێهێنانی، یاخود لەدوا وادە دەستورییەكەدا هەڵوێستی نەیارە سەرسەختەكان گۆڕانكاری تێدەكەوێت، ئایا لێدوانە میدیاییەكان بەرجەستەی ڕاستی دۆخەكە دەكەن، یاخود لە بنەوە شتی دیكە دەگوزەرێت؟

نەدا شاكر جەودەت- ی پەرلەمانتار جەختی لەوە كردووەتەوە، هەفتەی ئایندە پرسی دەمەتەقێی تایبەت بە زورفی یەكلاییدەبێتەوە.

جەودەت وتیشی: هەندێك لە هێزە شیعەكان بیریان لەوە كردووەتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ زورفی – دا دابنیشن، بەڵام مەرجی دیاریكراویان هەن‌ بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی.

هەروەها موختار موسەوی پەرلەمانتاری فەتح دەڵێت: چانسی تێپەڕاندنی كابینەكەی عەدنان زورفی بۆ لە نیوە كەمتر دابەزیووە.

موسەوی وتیشی: زورفی باش دەزانێت، كە حكومەتەكەی ناتوانێت متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنێت، بۆیە كۆششی ئەوە دەكات لەماوەی ڕاسپاردنەكەیدا، زیاتر و زیاتر لە دەوڵەتانی هاوپەیمان و دەوڵە دۆستەكانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نزیك بێتەوە.

دیارە و بەرەچاوە، كە هێشتا‌ شیعە نەیارەكانی زورفی، گرەو لەسەر فاكتەری كات دەكەن، نەك هەر بۆ شكستپێهینانی زورفی، بەڵكو بۆ بەربەست خستنەبەر كردەی گۆڕانكاری لەپڕۆسەی سیاسیدا، كە وا بڕیارە هەڵبژاردنێكی پێشوەختی لێبكەوێتەوە،‌ كەوا بڕیارە دەبێت یەكەم كاری لە پێشینەی حكومەتی ئایندە بێت.

هێزە شیعەكان لە سەرووی هەمووشیانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، دەیانەوێت سیناریۆی شكستپێهێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی دووبارە بكەنەوە و شكست بەزروفیش بێنن، بەمەش پڕۆسەكە دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و دەبێت بە دوای پاڵێوراوێكی دیكەدا بگەڕێن، ئەمەش سەر لە نوێ  دەمەتەقێ و ناڕەزایەتی تازە و شتی لەم بابەتانەی لی دەكەونەوە.

عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی دەڵێت: ئەگەر زروفی لە وادە دەستورییەكیە خۆیدا كە 30 ڕۆژە، ئەركەكەی تەواو نەكات و متمانەی پەرلەمان بەدەست نەهێنێت، دۆخەكە بەگوێرەی ماددەی 81 ی دەستوور یەكلایی دەكرێتەوە، بەمەش بەرێوەبردنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوموەنی وەزیران دەكەوێتە دەست بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، كە دەبێت بە تەنیشت پۆستەكەی خۆیەوە، كە (سەرۆك كۆمارە) پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەرێوەبەرێت.

شارەزا یاساییەكە ئەوەشی وت: بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، بە گویرەی ماددی 81 ی دەستوور، مافی ئەوەی هەیە وەك دوا هەل، كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراقی ڕاسپێرێت، خۆ ئەگەر ئەویش سەركەوتوو نەبوو، ئەو كات بەرهەم ساڵح بەگوێرەی ماددەی 64 ی دەستوور، دەبێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونكە هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە.

جەختكردنەوەكەی  محەمەد غەبان –ی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لێرەوە سەرچاوەی‌ گرتووە، كە سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو ناتوانێت بەربەستی پەرلەمان ببڕێت، بۆیە وتی: زورفی مافی ئەوەی بەخۆی داوە مافی زۆرینە پێشێل بكات، چاوی بە كورسی سەرۆكایەتی ناكەوێت.  
غەبان باسی لەوەش كردووە، لە دوو ڕۆژی ئایندەدا بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار لێپرسینەوەی یاسایی و پەرلەمانی لێ دەكرێت، بەمەش مەرسومی ڕاسپاردنی زورفی بەتاڵ دەبێتەوە.

دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆناش، دەردەسەری و تەنگژەكانی عێراقیان قوڵتر كردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی دۆخی نێوان واشنتۆن و تارانیش لە هەڵكشان دایە، ئەمەش وا دەكات كە كردەی پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێت.

سەرچاوە: بەغداد پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر