پارتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەعێراق بەئەستەم دەزانێت

کوردستان

20/04/2020‌ 411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ھەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، بەڵام بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی پێیوایە، زەحمەتە ئەمساڵ پڕۆسەكە بەڕێوە بچێت.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: پێموایە بڕیاردان لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەوێتە دوای پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق و پێویستە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانیش تەنیا ئەركی بەڕێوەبردنی پڕۆسەكەیە نەك بڕیاردان لەسەر كاتی ھەڵبژاردن.

پەیوەست بە ھەڵوێستی پارتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن وتی: ھەر كاتێك بڕیار بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەربچێت، ئێمەش وەك پارتی پابەندی بڕیارەكە دەبین.

گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، زەحمەتە ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە بچێت، چونكە پێویستە یاسای ھەڵبژاردنەكان ھەموار بكرێتەوە، كۆمسیۆنی ئێستاش ھیچ ئەزموونێكی نییە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ھەموویان دادوەرن و پێشتر بەشدارییان نەكردووە، تەنیا ئەگەر لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ھەماھەنگی بكرێت، ئەوكات دەتوانن پڕۆسەكە بەڕێوە ببەن.

هـ ـ ح