شارپرێس:
سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ رایگهیاند، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ کارتێکی گوشاری نەماوە و دەستی بەتاڵە، هەموو لایەک و دەوڵەتی ناوەندیش بە تایبەتی دەزانێ کە پارتی دەسەڵات دار و بەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاوازن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چەندین کێشەیان هەیە ودامەزراوەکانی هەرێم شکستیان هێناوە.
شاسوار عهبدولواحید سهرۆكی جوڵانهوهی نهوهی نوێ لهچاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ میهری ئێرانی دهڵێت: "پێمان وایە بڕینی قووتی خەڵک و بڕینی مووچە کارێکی نایاساییە، ئەگەر حکوومەتی عێراق کێشەی هەیە لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوە دەبوو خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بدات، ئێمە چەندین جار ئەو داواکارییەمان ئاراستە کردووە، بەڵام لەو کێشانەدا کە لە نێوان بەغدا و هەرێم دا هەیە، بێ گومان ئەوە حکوومەتی هەرێمە کە شەفاف نییە، وەکوو هێزێکی سیاسی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوامان کردووە بەڵام تا ئێستا نازانرێت، داهاتی نەوت چەندە، پارەکەی بۆ کوێ دەڕوات، نازانین ئەو نەوتەی کە نێردراوە بۆ کام شوێنە و بە چەند دەفرۆشرێت".
وتیشی،: "هەروەها ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنانەش نین کە لە نێوان بەغدا و هەرێمدا هەیە. چونکوو ڕێککەوتنەکان زیاتر ڕێککەوتنی تاکەکەسی و حزبین و ڕێککەوتنی دامەزراوەیی نییە.بۆ ئەوەی کە عێراق داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات تا ئێستا حکوومەتی هەرێم ئەوەی تەسلیمیان نەکردووە".
شاسوار عهبدولواحید باسی لهوهشكردووه، ڕێککەوتنەکان تاکەکەسین و هەردوولا ڕێککەوتنەکان بەکاردێنن بۆ هەندێ بابەتی تاکتیکی، بۆ نموونە بەغدا لە هەندێ کاتدا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە وەکوو پێش هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران کە پێویستی بە پشتگیری و دەنگی کوردە، ڕێککەوتنێک دەکات، هەرێمیش هەندێ جار پێویستی بە بەغدایە بۆ مووچە ڕێککەوتنێک دەکات، بەڵام هیچ لایەکیان ڕاستگۆ نین لەوەی کە ڕێککەوتنێکی ستراتێژی دوور مەودا ئەنجام بدەن و کێشەکان چارەسەر بکەن.
لهبارهی دانوستانهكانی ههرێمی كوردستان و حكومهتی فیدڕاڵ شاسوار عهبدولواحید وتی: "بە ڕای من هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ کارتێکی گوشاری نەماوە و دەستی بەتاڵە، هەموو لایەک و دەوڵەتی ناوەندیش بە تایبەتی دەزانێ کە پارتی دەسەڵات دار و بەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاوازن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چەندین کێشەیان هەیە ودامەزراوەکانی هەرێم شکستیان هێناوە".
ئهوهشی وتووه: یەکێتی و پارتی دوای 29 ساڵ حوکمڕانی نەیانتوانیوە دامەزراوەی نیشتیمانی راستەقینە دروست بکەن و دۆخی هەرێم لە ناوخۆی خۆیدا نالەبارە. باری ئیداری ، سیاسی،ئابووری، هەمووی خراپە و ئەمەش وا دەکات کە هەڵوێستی هەرێم لە دەرەوە بە تایبەتی لە بەغدا لاواز بێت. هەروەها یەکێک لەو خاڵانەی کە وایکردووە هەرێم هیچی بەدەستەوە نەبێت ئێستا، ئەوەیە کە هەرێم بەس یەکجار بۆی هەیە لە عێراق گوشار بخات ئەویش لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیراندا، ئیتر بەغدا لە هیچ کاتێکی تردا تا چوار ساڵی تر پێویستی بە هەرێم نامێنێت.
دهشڵێت: "بەغدا لە زۆربەی کاتەکاندا حیساب بۆ ڕای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناکات.چونکوو دەزانێ هەرێم لاوازە و کێشەکانی حکوومەت زۆرە و ئەوانە نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان نین".