شیعەكان داوای گێرانەوەی 128 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشراوی هەرێم‌و دادگاییكردنی فوئاد حوسێن دەكەن

کوردستان

29/04/2020‌ 1261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حەسەن سالم پەڕلەمانتاری كوتلەی سادیقوون لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا دەكات هەرێمی كوردستان 128 ملیار دۆلاری فرۆشتنی نەوت بگێڕێتەوە بۆ بەغدا و فوئاد حوسێنی وەزیری دارایش بەهۆی بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە بدرێتە دادگا.

سالم لەلێدوانێك وتی: بۆچی حكومەتی بەغدا چاوپۆشی دەكات لە سەرپێچییە دەستوورییەكانی هەرێم بەوەی خۆی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات نەك لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە، جگە لەوەی هەرێم خۆی رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك رادەستی ناوەند ناكات، هەروەك چۆن زانراوە، كە هەرێم كوردستان نەوت رەوانەی ئیسرائیل دەكات بەوڵاتێكی دوژمنی عێراق هەژمار دەكرێت.

پەرلەمانتارەكەی كوتلەی سادیقون جەختیكردووەتەوە، كە سەرەڕای ئەو سەرپێچیانە و رادەستنەكردنی نەوت بە ناوەند، كەچی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی بڕە پارەیەكی زۆری ڕەوانەی هەرێمی كورستان كردووە، كە ئەمە پاڵی بە ژمارەیەك لە پەڕلەمانتارانەوە ناوە لەدادگا سكاڵا لەسەر ناوبراو تۆمار بكەن و تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی ئاڕاستە بكەن.

ئەو دەشڵێت: راگرتنی یارمەتییە داراییەكان بۆ هەرێم بەس نین، بەڵكو دەبێت ئەو برە پارەیەی لە ئەستۆی هەرێمە بیگیڕێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی، كە خۆی لە 128  ملیار دۆلاردا دەبینێتەوە، هەروەك فوئاد حوسێنیش لەسەر بەهەدەردانی ماڵ و موڵكی گشتی بدرێتە دادگا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە