چیرۆكە خەمناكەكان.. نیویۆرك پاڵەوانێكی لەدەستدا

لە میدیاکانەوە

29/04/2020‌ 632 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
خاتوو لۆرنا برین بەدەم سەیركردنی بەرنامەكانی ئێن بی سی نیوزەوە، سێوێك پارچە پارچە دەكات و بەر لەخواردنی سێوەكە، مۆبایلەكەی ھەڵدەگرێت، پەیوەندی ئەكات بەدكتۆر لۆرانس مێلنیكەر، جێگری سەرۆكی چاودێری ئاستبەرزی نەخۆشخانەی نیویۆرك- پریسبیتیریان ئالین.

بەدەم تەواوكردنی سێوەكەوە دكتۆر برین بە دكتۆرە ھاوڕێكەی دەڵێت: سبەی ڕۆژی ٢٣ی ئەپرل دەگەڕێمەوە بۆ نەخۆشخانە و دەست دەكەمەوە بەكاركردن.

دواتر بیری ھاوڕێ نزیكەكەی خاتوو دارە كاس، پزیشكی بەشی فریاكەوتن دەكات و نامەیەكی دەنگی لەڕێگەی مۆبایلەكەیەوە بۆ جێدەھێڵێت. 

كاس بە زە نیو یۆرك تایمز-ی وتووە: ڕۆژی ٢٣ ی مانگ نامەیەكی جێھێشتبوو، وێرای ئەوەی وتبووی بارودۆخی نەخۆشەكان چۆنە، ھەواڵی ئەوەی داینێ دەگەڕێتەوە بۆ كاركردن.

كاس دەشڵێت: تەنانەت (برین) داوای دڵنیایی لێكردم، كە ئایا تا چەند ئامێر و كەلوپەلی پزیشكی بۆ كارمەندان ھەیە و كەم نییە.

د. لۆرنا برین - ٤٩ ساڵ، دكتۆرێكی بەتوانا و بەڕێوەبەری پزیشكی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی نیویۆرك- پریسبیتیریان ئالین-ە. دوای ١٠ ڕۆژ پشوو لەماڵەوە، بەھۆی  تووشبوونی بەكۆرۆنا ڤایرۆس، دەیەوێت بگەرێتەوە سەر كارەكەی، بەڵام كاتێك دەچێتەوە بۆ كاركردن، سەرلەنوێ پشكنینی بۆ دەكەنەوە، دەرەكەوێت ھێشتا چاكنەبووەتەوە، بۆیە ھاوڕێكانی داوای لێدەكەن بچێت پشوو بدات.

بەڵام بەپێی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی نیوز، (برین) دوای یەك مانگی ڕێك لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگین دژی كۆرۆنا ڤایرۆس، نایەوێت بەردەوام بێت لە پشوو.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە مانشێتێكی گەورە نوسیویەتی: نەخۆشخانەی نیو یۆرك-ئالین پاڵەوانی لەدەستدا.

بەپێی ڕۆژنامەكە، دكتۆرێكی ھەڵكەوتووی نیویۆرك لە بەشی فریاگوزاری دوای چارەسەركردنی ٧٣ نەخۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس بەدەستی خۆی، كەچی ئێوارەی ٢٦ ی ئەپرل لە شاری شارلۆتسفێل-ی ڤیرجینیا، خۆی كوشت.

ھەواڵ ئەدەنە پۆلیس، تایلەر ھاون بەڕێوەبەی پۆلیسی شارلۆتسفێڵ لەڕێگەی بێتەلەوە داوای تیمی پزیشكی دەكات ھەرچەندە دڵنیاشە، كە دكتۆر برین كۆتایی بەژیانی ھاتووە، بەڵام دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی زانكۆ (بۆ تیشكی ژوور وەنەوشەیی) سیستمی تەندروستی لە ڤیرجینیاو بەھۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

باوكی برین، كە ئەویش یەكێكە لە پزیشكە بەتواناكانی نیویۆرك و ئێستا لە ھێڵی پێشەوەی جەنگدایە دژی كۆرۆنا ڤایرۆس، بەدەم ھەناسە ھەڵكێشانەوە وتی: "دەیویست بگەڕێتەوە بۆ كاركردن دژی كرۆنا ڤایرۆس". 

د. فلیب سی برین، كە ٧٤ ساڵی بەڕێكردووە لە ژیانی، دەربارەی كچە پزیشكە بەتواناكەی دەڵێت: سوپاس بۆ خودا پێش ئەوەی جێمان بێڵێت، كچەكەم چەندین نەخۆشی شادكردەوە بە خێزانەكانیان دوای چاكبوونەوەیان.

ئەو بۆ دەیلی نیوز ڕوونیكردووەتەوە، كە ماوەی ١٠ ڕۆژ بوو لەگەڵ خێزانەكەیان لە خانوەكەی ڤیرجینیا ئەژیا.

هەروەها وتیشی: ھەمیشە ئامۆژگاری كارمەندانی پزیشكی ئەكرد بەبێ ئامێر و پێداویستی پزیشكی نزیك نەكەونەوە لە نەخۆش، بەڵام خۆی ١٠ رۆژ بەھۆی كۆرۆنا ڤارۆسەوە دووركەوتەوە لەكاركردن.

خاتوو ئەنجیلا مێلز، سەرۆكی بەشی خزمەتگوزارییە پزیشكییە كتوپڕەكان لەنەخۆشخانەی نیویۆرك- پریسبیتیریان ئالین- شەوی ٢٦ ی ئەپرل نامەیەكی ئەلەكترۆنی ئەنێرێت بۆ تەواوی كارمەندانی نەخۆشخانەكە دەربارەی مردنی برین.

ڕۆژنامەی نیو یۆرك تایمز بڵاویكردەوە، نامەكەی مێلز ڕوونینەكردووەتەوە بۆچی برین خۆی كوشتووە، لە كۆتایی نامەكەدا نوسراوە: مردنێك پرسیاری زۆرمان ڕووبەڕوو ئەكاتەوە، كە ناتوانین وەڵامی بەینەوە.

برین وێرای كاری سەرەكی پزیشكی، چەندین ئاوات و خولیایی ھەبوو، بەشێكی كاتەكانی بەر لە ھاتنی كۆرۆنا ڤایرۆس بە وەرزش و وێنەكێشانەوە سەرفدەكرد، ئەندامێكی چالاكی یانەی خزینی سەربەفری نیویۆرك بوو، بەشێوەیەكی ڕێكوپێك سەردانی بەشی خۆرئاوای خزانی سەربەفری ئەكرد.

مێلز-ی ھاوڕێی دەڵێت: دیندار و باوەڕدار بوو، ھەفتانە بۆ چوار سەعات وەك خۆبەخش لەخانەیەكی پیرانی فێرجینیا كاریدەكرد، ساڵانەش ئاھەنگێكی ڕێكئەخست لە خانوەكەی لە مانھاتن بۆ ھاوڕێ و دۆستەكانی، ھەروەھا دكتۆر (برین) نزیك بوو لە دایك و خوشكەكانی كە لە ڤیرجینیا دەژیان.

دكتۆر لۆرانس مێلنیكەر، جێگری سەرۆكی چاودێری ئاستبەرزی نەخۆشخانەی نیویۆرك -پریسبیتیریان ئالین، لە ڕێگەی ئێن بی سی نیوز -ەوە وەسفی برین-ی كرد، كە دكتۆرێكی خۆشەویست و بەتوانا بوو، نەخۆشخانەكەمان توانای گلدانەوەی ٢٠٠ نەخۆشی ھەیە، بەڵام بەتوانای ئەو كرابوو بە ٣٠٠. پارەی دابینكردنی ئەو ١٠٠ قەڵەوێرەو ئامێرەكانی لەڕێگە پارەی خۆیی و خزم و ھاوڕێ و خەڵكی خێرخوازەوە دابینكرد.

 مێلینكەر دەشڵێت: كەم كەس ئەو توانایەی ھەیە بتوانێت بگاتە پلەی سەرۆكی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە.

ئەو لەژێر چاویلكەكەیەوە فرمێسك ھاتەخوارەوە و وتی: تائێستا جێگەكەیمان بۆ پڕ ناكرێتەوە.. زەحمەتە..

مێلینكەر نایشارێتەوە كۆرۆنا ڤایرۆسی كاریگەری زۆر گەورەی كردووەتە سەر دەروونی پزیشك و كارمەندانی پزیشكی، ڕۆژانە بە چەندین كەس لەبەرچاویان ئەمرن، وێرای ترسیان لە تووشبوون لەژێر فشاری خەمی گەورەدان، كە تووشبوانی كۆرۆنا ڤایرۆس نەمرن.

لۆرنا برین لەیەككاتدا دوو بڕوانامەی دكتۆرای ھەبوو یەكێكیان پزیشكی فریاكەوتن، ئەوی تریان پزیشكی ھەناوی. 

ھەروەھا ھەڵگری بڕوانامەی ماستەریش بوو لە بەڕێوەبردنی كار،  چونكە ئەو پێی وابوو پێویستە ھەموو كەس لە (نزنس ئەدمینستەرەیشن) توانای ھەبێت ئەوكات پلەی ئیداری وەرگرێت.