ئۆپۆزسیۆنی توركیا سەرگەرمی مشتومڕی كەوتنی ئەردۆغانە

ڕاپۆرت

11/05/2020‌ 2575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"كۆتایی سیستەمی كۆشك نزیك بووەتەوە".. ئەمە قسەس ئۆزغۆز ئۆزال- ی قسەكەری پارتی گەلی كۆمارییە، پێشتریش كەمال كلیجدار ئۆغڵۆی سەرۆكی حیزبەكەی وتبووی: بەم نزیكانە دەسەڵاتی وڵات دەگرنەدەست، داواشی لە لایەنگرانی حیزبەكەی كردبوو خۆی بۆ ئامادە بكەن. 

ئەوەی ئۆغڵۆ وتی: هانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیایدا سەدای میدیای خۆیان بەرزبكەنەوە و داوای ڕۆیشتنی ئەردۆغان بكەن، بەو هۆیەی ئەردۆغان لە بوارەكانی ئابووری و ئازادییەكان و بارگرانییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا شكستیهێناوە، ئەمە سەرباری ئەو گرفتانەی لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا هەنی.

ئەردۆغان كە ماوەیەكە لە میدیاكان دەرناكەوێت، بە تایبەتی لەوساوەی كۆرۆنا سەریهەڵداوه، لە ناكاوێك پەیدابووەوە و وتی: نەیارەكانی بە نیازی هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی دیكەی هاوشێوەی‌ هاوینی 2016 ن، بەڵێنیشدا تۆڵەیان لێبكاتەوە، ئەمەش‌ پاڵی بە ئەحمەد داود ئۆغڵۆی سەرۆكی پارتی ئایندەوە نا بڵێت، كە هەڵمەتەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بۆ برەودان‌ بە دەنگۆی هەڵگەڕانەوەی سەربازی ئامانجەكەی ڕەواییدانە بە ستەمكاری و بەرگرتن بە گۆرانكاری سیاسی لە وڵاتدا.

لە ئێستادا و لە واقعدا، پرسی ڕۆیشتنی ئەردۆغان لە شەقامی توركیدا دەمەتەقێیەكی هەڵكشاوە، ڕەوایی ئەم داوایەی ئۆپۆزسیۆنیش چەند پێدراوێك سەپاندوونی:

یەكەم: 
وەرچەرخانی سیستەمی سیاسی وڵات لە ساڵی 2018 بەرەو ستەمكاری تاكە پیاو و تاكە حزب، ئەمەش وڵاتی بەرەو ‌ دەوڵەتێكی پۆلیسی وەرچەرخاندووە، دیارە كە هەڵكشانی ژمارەی دەستگیركراوەكان لە ئۆپۆزسیۆن و سیاسی و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان و ئەكادیمییەكان.. ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، ئەمە جگە لەوەی ئەو ڕژێمە فرەیی لە دامودەزگاكانی حوكمڕانیدا لەبەین بردووە بە هۆی ئەو دەسەڵاتە فراوانانەی ئەردۆغان هەنی.

دووەم: 
شكستی ئابوروی، دراوی توركیا لە دابەزینی بەردەوام دایە لە بەرامبەر دۆلاردا، ژمارەی كۆمپانیا و كارگە ماپوچەكان لە هەڵكشان دان‌، ژمارەی بێكاری و هەڵاوسان و قەرزداری و هەڵاتنی وەبەرهێنانەكان بۆ دەرەوە چەندجارە زیادیان كردووە، ئەمەش كاریگەری خستۆتەسەر بژێوی هاوڵاتییان كە بە زۆری دەنگیان بۆ پارتی داد و گەشەپیدان داوە بە هۆی ئەو سەركەوتنانەی پێشتر بەدەستی هێنابوون.

سێیەم: 
شكستخواردوویی لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ پرسی كورد لە توركیا، هەموو دەزانن كە ئەو پرسە مێژووییە و پێویستی بە چارەسەرێكی سیاسی دیموكراسییانە هەیە و ناتوانرێت بە هێز بنەبڕ بكرێت، ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو كە ئەردۆغان لە بەڵێنەكانی پاشكگەزبۆوە كە ئەو پرسە بە ئاشتییانە چارەسەر بكات و بگرە ئەوپەڕی ڕادەی توندوتیژی لە دژ بەكارهێنا، بە ڕادەیەك كار گەیشتە دەستگیركردنی پەرلەمانتارە كوردەكان و لادانی سەرۆكی شارەوانییە كوردییه هەڵبژێردراوەكان، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش میتۆدێكی خوێناوی لە ڕێگەی خستنەگەڕی تانك و فڕۆكەكانییەوە دژ بە جوڵانەوە كوردییەكان گرتەبەر، ئەمەش قوربانی گیانی زۆری لێكەوتەوە و سەدەها شارۆچكە و گوندەكانیش وێرانكران، هەموو ئەمانەش دەوڵەتیان ناچاركرد دەیەها ملیار دۆلار لەو پرسەدا خەرج بكەن كە بەس بوو بۆ دەستگەیشتن بە ڕابوونێكی ئابووری لە وڵاتدا.

چوارەم: 
دابەشبوونی ئاسۆیی و ستونی وڵات، ئەردۆغان ململانێی پێشووی نێوان هێزە ئیسلامییەكان وهێزە عەلمانییەكانی ورەچەرخاند بەرەو ململانێ لەسەر ناسنامە كە لە ناوخۆی توركیادا سەریهەڵدا، بەمەش كاریگەری نەرێنی بەرچاوی كردەسەر پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان، بە تایبەتیش كە كەڵكەڵەی عوسمانیزمی ئەردۆغان ڕون و ئاشكرایە و بۆتە ئەجندایەكی سیاسی كە پەیوەندییەكانی ئەنقەرەی بە زۆرینەی دەوڵەتانی دیكەی جیهانەوە تووشی پشێوی كردووە، بە تایبەتش دوای برەودان و سەرپەرشتیكردنی گروپەكانی ئیخوان موسلمین كە بوونەتە باڵی توركیا بۆ چاندنی تۆوی وێرانكاری و تیرۆر لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، بە هۆی هەموو ئەمانە‌شەوە توركیا بەیەكەوەگونجان و ئاشتی كۆمەڵایەتی پێشووی لەدەستدا و ئەگەری ئەوەش‌ هەیە لە ناوخۆ و لەسەر ناسنامە تەقینەوەی پێكهاتەكانی لێ بكەوێتەوە.

پێنجەم: 
كەڵەكەبووی دۆخی پێشوو و لێكەوتەكانی كە لەم ساڵانەی دوایدا بوونە هۆی داخورانی بنكە جەماوەرییەكەی پارتی داد و گەشەپێدان، بە تایبەتی دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەو هاوڕێیانەی ئەردۆغان كە پارتەكەیان لەگەڵ دامەزراند بوو، دواتریش پارتی تازەیان دامەزراند، ئەمەیان بۆیە كرد تاوەكو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هێزیان بۆ بگەڕێتەوە، ئەمەش لەوەدا بەرجەستە بوو كە پارتە پۆپۆزسیۆنەكان سەركەوتنێكی گەورەیان لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی توركیا لە شارە گەورەكاندا بەدەستهێنا بە تایبەتیش ئەستەمبوڵی و ئەنقەرەی پایتەخت، ئەمەش‌ پاڵنەری ئەردۆغان بوو كە هەڵمەتی لادانی دەیەها سەرۆك شارەوانی ئۆپۆزسیۆن دەستپێبكات لە چوارچێوەی پیادەكردنی سیاسەتی یاسای ڕاسپاردن (وصایە) سەربای ئەوەی ناشەرعییە، بەو پێیەی‌ بە بڕیارێكی حكومی پەسەند كراوە، چونكە پارتی داد و گەشەپێدان نەیتوانی لە ماوەی نائاسایدا لە پەرلەمانی توركیا تێیپەڕێنێت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ڕەتیان كردەوە.

شەشەم: 
تەنگژەی كۆڕۆنا لەرزۆكی سیاسەتەكەی ئەردۆغانی باشتر دەرخست، سەلماندی كە شێوازە شەعبەویەتەكەی و وەرچەرخاندنی هەموو تەنگژەیەك دژ بە ئۆپۆزسیۆن شكستخواردووە، بە ڕادەیەك ڕێگەی لە شارەوانییەكانی ئۆپۆزسیۆن گرت بەر بە كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بگرن، كار گەیشتە ڕادەیەك كە لایەنگرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش دەستگیر بكات كە نان و دەمپۆشیان بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتییە توركەكاندا دابەش دەكرد، ئەمەش‌ دەریخست ئەردۆغان لە پێناو دەسەڵاتە تاكگەراییەكەی خۆیدا، وەك چەمك و دامەزراوە چۆناو چۆن دەوڵەتی توركیای لەناوبرد.

لە ڕاستیدا ڕوون و ئاشكرایە كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە تەواو باوەڕی خۆیەوە دەنگی هەڵبڕیووە كە بەو‌ نزیكانە ئەردۆغان دەڕوات، چونكە لە هەموو بوارەكاندا شكستیهێناوە، هیچ هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازیش لە ئارادا نییە وەك ئەردۆغان كردوویەتییە دەنگۆ و بڵاویكردۆتەوە، چونكە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن مەدەنیین و ڕاستەوخۆ پەیوەست نین بە دامەزراوەی سوپاوە، ستراتیژیەتی ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر ئەوە چربۆتەوە كە داوای هەڵبژاردنیكی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پێشوەخت و پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش دەكەن كە پەرتوبڵاویان كۆتایی پێبێنێت، لەوەش‌ گرنگتر سازانیانە لەسەر سەركردەیەكی لەسەرسازاوی كاریزما بۆ جڵەگیركردنی قۆناغی ئایندە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەردۆغان، دیارە كە هەلێكی ڕاستەقینە لە بەردەم ئۆپۆزسیۆنی توركیا دایە بۆ گەیشتن بە داواكارییەكانیان، هەر ئەمەش وایكردووە جەخت لەوە بكەنەوە كە ئەردۆغان دەڕوات وكورسی دەسەڵات جێدێڵێت.

سەرچاوە: عەین ئیخبارییە 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر