لە توركیا باس لە هەوڵی ئەنجامدانی كودەتایەكی نوێ دەكرێت

مەلەفی تایبەت

17/05/2020‌ 1740 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی تۆمەتەكانی حیزبەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەوەی بەرهەڵستكارەكان داوای گۆڕینی دەسەڵات دەكەن بەتوندوتیژی.

بەپێی راپۆرتەكە، پارتی دادو گەشەپێدان، كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، بەرهەڵستكارەكانی نێو پەرلەمان، كە خۆی لەپارتی گەلی كۆماریدا دەبینێتەوە، تۆمەتبار دەكات بەوەی داوای كودەتا دەكەن.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بابەتی كودەتا بابەتێكی سەرەكی بوو لە توركیادا، ئەوەشی ئەم دۆخەی خولقان، ژنە ئەندام پەرلەمانێكی پارتی گەلی كۆماری بوو لە ئەستەمبول بەناوی "جینان كفتانجی ئۆغلۆ"، بەوەی پێشبینی گۆڕانكاری كردووە لە پێكهاتەی حكومەتدا لە ئایندەیەكی نزیك، بۆیە زۆر بە خێرایی شرۆڤەكاران لە رۆژنامەكانی حكومەت و پشتیوانانی پارتی دادوگەشەپێدان تۆمەتباریان كرد بەوەی ئەمە داواكاری گۆڕینی دەسەڵاتە بە توندوتیژی. دیارە ئەمە تۆمەتباركردنێكی كلاسیكیە لە توركیا، و ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان تۆمەتبار كران لەدوای هەوڵی كودەتا نەزۆكەكەی چوار ساڵ لەمەوبەر.

لەو بارەیەوە، توێژەری سیاسی توركی "كەریم هاس" باسی لەوە كردووە دۆخەكە لەگەڵ سەرهەلدانی ڤایرۆسەكە بەم شێوەیە روون نەبوو لە رابردوودا، بێزاری خەڵك لەو رێكارانەی حكومەت گرتییە بەر بۆ پاڵپشتی كردنی ئابووری، كە پێش پەتاكەش هەرەسی هێنابوو، زیاتر بوو. 

لە هەمان كاتدا پشتیوانی دادو گەشەپێدان و ئەردۆغانیش پاشەكشەی كردووە بەم مانایە، گەڕان بە دوای دوژمنێكی نوێدا رێگەیەكی روونە بۆ خۆكۆكردنەوەی دەسەڵات و پشتیوانی كردنی. 

وێنەی دوژمنی دەرەكی، وەك هاس تێبینی كردووە، وەك پێشتر چالاك نەبووە، لەبەر ئەوە ئێستا بەدوای دوژمنی ناوخۆدا دەگەڕێن، ئەویش بە شێوەیەكی دروست كراو.

هاس لە بەردەوامی قسەكانیدا دەڵێت: لە راستیدا خودی دەسەڵات ئەم جۆرە بانگەشانە بڵاودەكاتەوە و ئەوەش بابەتەكەیە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات بانگەشەو پەیامەكانی نێو رۆژنامەكانی سەر بە حكومەت دەربارەی ئەگەری كودەتا پێش مانگێك لە رووداوەكانی یۆلیۆی ٢٠١٦ بە دەركەوتن. 

ئەوەشی هێناوەتەوە یاد، كە ئەردۆغان دوای كودەتا نەزۆكەكە بەوەی وەسف كرد، كە "دیاریەكی خودا بوو"، لە هەمان كاتدا هەلێك بو تا ریزەكانی سوپای توركیا پاك بكاتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا