لەماوەی 7 مانگدا بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق 28 هێرشیان كراوەتە سەر

عیراق

24/05/2020‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، رۆژی سێشەممە هێرشێكی مووشەكی كراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەناوچەی سەوزی ناوراستی بەغدا، كە ئەو هێرشە نوێیە دەبێتە بیست و هەشتەمین هێرشی لەو جۆرە لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا كراوەتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

لەو بارەوە بەرپرسێكی ئەمنی عێراقی بە ئاژانسی فڕانس پریسی رایگەیاندووە، هێرشەكە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

هەروەك هاوشێوەی هێرشەكانی پێشووتر هیچ لایەنێك بەرپرسیاری خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە، بەڵام ئەمەریكا گرووپە چەكدارییە عێراقییەكانی لایەنگری تاران بە دەستهەبوون لەو هێرشە تۆمەتبار دەكات .

رۆژی یەكشەممەی رابردووش عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران وتی: ئەمەریكییەكان لە عێراق وسوریا دەردەكرێن، ئەو دوو وڵاتەی ئێران زۆر بەهێزەوە بوونی تێدا هەیە .

دوژمنایەتییە درێژخایەنەكەی نێوان ئێران و ئەمەریكا بەهۆی بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ پاشەكشەكردنی تاكلایەنە لەرێكەوتننامەی ناوەكی ساڵی ٢٠١٥ ی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز ڕووی لەهەڵكشان كردووە، بەتایبەت واشنتۆن گورزەیەك سزای ئابووری و دارایی زۆر توندی بەسەر تاراندا سەپاندووە .

شارەزایان دەڵێن: حكومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی، كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی بووە، دەبێتە حكومەتی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانی نیوان واشنتۆن و تاران لە عێراق، ئەویش دوای چەندین مانگ لە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی ئەو دوو هێزە ناكۆك و ناتەبایە .

هەرچەندە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئاستی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق كەمیان كردووە، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە، كە سەدان دیبلۆماتكار و هەزاران سەربازی لە عێراق هەیە لە دڵەراوكێدایە لەوەی لەهەر ساتێكدا بێت هێرش بكرێتە سەر یەكێك لە ئامانجەكانی.

پێشبینیش دەكرێت لەمانگی حوزەیرانی داهاتوودا هەردوو شاندی ئەمەریكا و عێراق بۆ باسكردن لە بوونی سەربازی ئەمەریكا و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دەست بە دانوستان بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی