پارێزەرێك لەبارەی موچەی پاشەكەوتكراو پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران دەكات

کوردستان

27/05/2020‌ 1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزەرێك لەشاری سلێمانی لەبارەی موچەی پاشەكەوتكراو پەیامێكی ئاراستەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران كردو داوایان لێدەكات لەو بارەوە رێكاری یاسایی بگرنە بەر.

پەیامەكەی پارێزەركەی سلێمانی، كە ناوی سمكۆ ئەسعەدە لەژێر ناوی "بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرجەم خاوەن موچەەكان سەبارەت بە بەڵگەكردنی قەرزەكانیان" بڵاوكراوەوە.

لەپەیامەكە هاتووە: تا زووە داواكاری بنووسن بۆ بە بەڵگەكردنی قەرزەكانتان لە ڕێگای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانتان و بە نووسراو بەرزی بكەنەوە بۆ وەزارەت".

هەر لەپەیامەكەی پارێزەر سمكۆ ئەسعەد هاتووە: یەكەم هەنگاو بە نووسینی داواكارییەكی ئاسایی دەست پێدەكات تا مافاكانتان بكەن بە بەڵگە، ئەمە گرنگترین هەنگاوی پاراستنی مافەكانتانە.. چیتر ئەم هەنگاوە دوا مەخەن تا لە ڕووی یاساییەوە نەفەوتێت.

حكومەتی هەرێم لەساڵانی رابردوو، بەبیانووی قەیرانی دارایی بۆ چەندین مانگ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پاشەكەوت كرد، كە بڕی پاشەكەوتەكە گەیشتە نزیكەی 11 ملیار دۆلارو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش لەم چەند رۆژەدا دانی بەوەدا نا، كە ئەو بڕە پارە وەك ئیلتیزامات لەسەر حكومەت ماڵەو دەبێت بیداتەوە.