ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکى نوێی دەرکرد

کوردستان

28/05/2020‌ 1303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەبێت ئوتومبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بە سەرنشینەکانیانەوە پابەندی بەستنی ماسک بن. دەشڵێت، "سەرپێچیکاران توشی سزا دەبنەوە.

لەراگەیەنراوێکدا ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند"بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەک شەممە، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٠وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بە سەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێت کە لە خاڵی (١٠)ی بەیانی ژمارە (٣٧)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە".

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەم خاڵانەی خوارەوە کردووە:
١- بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەک شەممە، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٠وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بە سەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێت کە لە خاڵی (١٠)ی بەیانی ژمارە (٣٧)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.
٢- سەرجەم مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان ئاگاداردەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەکان بە تایبەتی بەستنی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
٣- ئەو هاوڵاتیانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (٤٨) کاتژمێر کەرەنتین بکرێن و دوای دەرچوونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچووی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی توشنەبوونیان ڵەگەڵدابێت کەپێش (٢٤) کاتژمێر لەهاتنیان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچووبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لەو پارێزگا و ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.
٤- بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.
٥- هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە تەشەنەکردنی زیاتردایە و سەرچاوەی بەشێک لە توشبووانی ئەم دواییەش نادیارە و بەشێکی ئەوانەشی لەم دواییەدا توشی ڤایرۆسەکە بوون باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبوونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن.
س.ھـ