كەی لەخێرا هەناسەدانی منداڵ بترسین؟

تەندروستی

30/05/2020‌ 747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
لەماوەی ساڵە یەكەمەكانی تەمەنی منداڵیدا دایك بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێری جوڵە و خامۆشییەكانی منداڵەكەی دەكات، خێرایی هەناسەدان یەكێكە لەو بابەتانەی دایكان و باوكان لەبارەیەوە گرنگییەكی زۆری پێدەدەن. 

منداڵێك پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە سێ ساڵی دەبێت ئەو چاودێرییەی لەسەر بێت، بەڵام لەسەرەتادا دەبێت خێرایی هەناسەدانی سرووشتی منداڵەكەت بزانیت و بزانیت كەی دەبێت لەبارەی خێرایی هەناسەدانییەوە نیگەران بیت.

هەناسەدانی منداڵ بەخێرا هەژمار دەكرێت ئەگەر بێت و تەمەنی لەیەك ساڵ كەمتر بوو لە چركەیەكیشدا زیاتر لە ٦٠ جار هەناسەی دەدا، ئەگەر هات و تەمەنی لەنێوان ساڵێك بۆ پێنج ساڵ بوو، زیاتر لە ٣٠ جار هەناسەی دەدا.

رەنگە خێراهەناسەدان نیشانەی بوونی هەوكردن بێت وەك : 
هەوكردنی بۆڕی هەوا، لەگرنگترین نیشانەكانی، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، بەرزبوونەوەیەكی كەم لە پلەی گەرمی جەستە، لەدەستدانی حەزی خواردن، بوونی دەنگی وەك فیكە لەكاتی هەناسەدان.

هەوكردنی سییەكان، ئەوەش لەكاتی تووشبوونی بە سەرمابردن یان بەئەنفلۆنزا روودەدات، لەگرنگترین نیشانەكانی، تەنگەنەفەسی، كۆكە و بوونی دەنگی فیكە لەكاتی هەناسەدان.

رەبۆ، نیشانەكانی لەدوای تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستپێدەكات، لەگرنگترینیان، كۆكە و بوونی دەنگی فیكە لەكاتی هەناسەدان.

ئەگەر هاتوو هەناسەدانی منداڵ لەكاتی خەوتندا دەوەستا، رەنگە ئەوە نیشانەی بوونی گرفتی "وەستانی هەناسودانی كاتی خەو" بێت، نیشانەكانی لەنێوان تەمەنی دوو ساڵی بۆ هەشت ساڵی دەردەكەوێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی