كوژران‌و دەستگیركردنی دوو سەركردەی داعش لەكەركوك‌و بەغدا

کوردستان

30/05/2020‌ 485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بەوەزارەتی بەرگری عێراق، كوژرانی سەركردەیەكی داعش و برینداربوونی چەكدارێكی دیكەی لەكەركوك راگەیاند.

 شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق لەراگەیەنرێك ئاشكرایكرد، دوو ئەندامی سەر بەداعش هەوڵیانداوە بە ئاراستەی گوندی مەقام سەر بەناحیەی ریاز باشووری رۆژئاوای كەركوك نزیك ببنەوە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقەیان لێكراوە.

شانەكە راشیگەیاند، لە ئاكامی تەقەكردنەكەدا، یەكێك لە  چەكدارەكان كوژراوە، كە پلەی لەناو داعش هەبووەو ئەوەی دیكەیش برینداربووە.

هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا سەركردەیەكی داعشیان دەستگیركردووە.

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە، ئەو سەركردەیەی داعش لەو كاتەدا دەستگیركراوە، كە هەوڵی دەدا بە تەقاندنەوەی دوو بۆمبی چێنراو، كرەدیەكی تیرۆریستی لەباشووری بەغدا ئەنجام بدات.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەركردەی داعش سێ برای هەبووە، كە سەرجەمیان لە موسڵ خۆیان تەقاندووەتەوە و جگە لەوەیش باوكی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوی لە ناوچەی عەرەب جبور باشووری بەغدا تەقاندووەتەوە.