یۆنان هۆشداری دەداتە توركیا بەوەی لەدورگەكانی نزیك نەبێـتەوە

ڕاپۆرت

03/06/2020‌ 1454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یۆنان هۆشداری داوەتە كەشتییە توركییە‌كانی گەڕان و پشكنین بە دوای غازی سروشتی، لەوەی لە دوورگەكانی ڕۆدۆس و كارباتۆس و كریت نزیكنەكەونەوە.

لەو بارەوە نیكۆس دندیاس- ی وەزیری دەرەوەی‌ یۆنان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بەرەنگاری و ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆی هەر هەڵسوكەوتێكی قەڵسكاری (استفزاز) لەم جۆرهەی توركیا ببێتەوە.

ئەم جموجۆڵانەی توركیاش، كە لە ڕۆژنامە فەرمییەكانی وڵاتەكەیدا لە كۆتایی مانگی ڕابردوو گوزارەی لێكردووە، سەرچاوەكەی ئەو ڕێككەوتنە دەریاییە مشتومڕئامێزەیە، كە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو بۆ ڕەنگڕێژكردنی سنووری دەریایی لە نێوان ئەنقەرە و حكومەتی سازانكاری لیبیا بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج واژووەكراوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش لە یەنایەری ڕابردوو  وتی: كاری گەڕان و پشكنین لە نزیكترین كاتێك لە توانادا بێت دەستپێدەكات.

بە گوێڕەی هەڵوێستی یۆنان، ڕێككەوتننامە دەریاییەكە پیشیلكاری یاسای دەریایی نێودەوڵەتی دەكات.

ئەسینا پێی وایە ڕێككەوتننامە دەریاییە‌كەی توركیا- لیبیا, پێشێلكاری ئەو ناوچانە وشكانییانە دەكات، كە  لە ناو دەریادا دڕیژبوونەوە (الجرف القاری)  لەباشووری دوورگەی كریت، كەچی توركیا پێی وایە دوورگەی كریت ئەو جۆرە ناوچەیە‌ی نییە.

گومان دەكرێت لە باشوری دوورگە یۆنانییەكان، یەدەگێكی زۆری غازی سرووشتی هەبێت، توركیا و یۆنانیش هەردووكیان ئەندامی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسین (ناتۆ).

قوبرس و ئیسڕائیل و میسریش پێیان وایە ئەو ڕێككەوتنە دەریاییەی توركیا- لیبیا بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە و پێچەوانەی‌ یاسای نێودەوڵەتیشە.

لە لایەكی دیكەوە، حامی ئەقسۆی قسەكەری وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتی: وڵاتەكەی‌ بە هەموو هێزی خۆییەوە مافەكانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەپارێزێت.

ئەقسۆی ئەوەشی وت: ئەو ناوچەیەی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گەڕان و پشكنینی تێدا دەكەن، لە سنوری ناوچەی درێژكراوەی وشكانی كەرتەیی "الجرف القاڕی" خۆیاندان  و ئەمەشیان ‌ بە نەتەوە یەكگرتووەكان وتراوە.

ئەقسۆی هەروەها وتی: ئەوان بە هەموو هێزییانەوە مافەكانی خۆیان و توركە قوبڕوسییەكانیش دەپارێزن.

وتیشی چالاكی ڕوماڵی جیۆلۆجی و گەران و پشكنین بە گوێرەی پرۆگرامێكی نەخشەبۆكیشراو بەرێوەدەچێت.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، بەراق ئەوزوغرغین- ی باڵویزی توركیای لە ئەسینا بانگكردووه و ناڕەزایی وڵا‌تەكەی سەبارەت بە كار و كردەوەكانی توركیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست پێڕاگەیاندووە‌.

باڵوێزەكەی توركیاش لە ئەسینا وڵامی یۆنانی داوەتەوە، بەوەی ئەو چالاكییانەی وڵاتەكەی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدان.

چەند سەرچاوەیەكی دبلۆماسی توركی، باسیان لەوە كردووە كە ئۆزۆ غرغین- ی باڵوێز وتویەتی كە هەڵوێستی ئەنقەرە سەبارەت بە توركە قوبڕوسییەكان و پرسی لیبیا و چالاكی گەڕان و پشكنین بە دوای سەرچاوەكانی ووزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست، ڕوون و ئاشكرایە و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدان.

باڵوێزە توركییەكە وتی: یۆنان زۆر داواكاری توركیای بۆ گفتوگۆ سەبارەت بەو كێشانە ڕەتكردوونەوە.

جموجۆڵەكانی ئەنقەرە لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست، چ لە نزیك كەناراوییەكانی قوبرس یان یۆنان یان لیبیا، جێگەی ناڕەزایی نێودەوڵەتی و هەرێمین، كەچی حكومەتەكەی‌ داد و گەششەپێدانی توركیا، گوێ بەو ناڕەزاییانە نادات كە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەكەن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە