هاوسەرۆکى پەیەدە بۆ شارپرێس: هەنگاوى یەکەمى گفتوگۆکانى تەڤدەم و ئەنەکەسە سەرکەوتوو بوو

کوردستان

10/06/2020‌ 463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن حەسەن
هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) رایدەگەیەنێت هەنگاوى یەکەمى گفتوگۆکانى تەڤدەم و ئەنەکەسە سەرکەوتوو بوو دەشڵێت، بەم نزیکانە گفتوگۆکان دەست پێ دەکاتەوە.


ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا شارپرێس باس لە چەند پرسێکى رۆژئاواى کوردستان دەکات و رایگەیاند" لەئێستادا گفتوگۆى هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا لەئارادایە، پەیەدەو لایەنەکانى دیکە لەگەڵ ئەنەکەسە بەپێی ئەو دەستپێشخەریانەى هەبوون گفتوگۆمان کردو هەنگاوى یەکەم سەرکەوتوو بوو".


ئاماژەى بەوەشکرد، بەم نزیکانە گفتوگۆکانى تەڤدەم و ئەنەکەسە دەست پێدەکەنەوەو هیوای خواست کە هەموو لایەنەکان دۆخى مەترسیدارى رۆژئاواى کوردستان لەبەر چاو بگرن تا بگەنە رێککەوتنێکى یەکجارى کە بەیەکەوە لە چوارچێوەى سوریایەکى دیموکراسى لا مەرکەزی بژین و خزمەتى گەل و وڵات بکەن.


هاوسەرۆکی پەیەدە وتیشى" پەیەدە حیزبی چارەسەرییەو پرۆژەى خۆمان هەیە بۆ سوریایەکى یەکگرتوو بە بەشدارى هەموو حزب و لایەنەکان کە پرۆژەى دیموکراتیە، دەمانەوێت ئەو حیزبانەی کە هەن لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەردا بەشدارن یان لەدەرەوەى ئیدارەکەن تاوەکو ببنە هاوکارێک بۆ ئەوەى بتوانن لە رزگارکردنى خاکی هەرێمەکەدا رۆڵی زیاتر بگێڕن. لە رووی سیاسی، دیپلۆماسی و دیموکراتیکەوە بڕیاری نوێ دران".


لەبەشێکى ترى قسەکانیدا موسلیم وتیشى" یەکڕیزیی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بایەخى زۆرمان پێداوەو هەنگاوى جدیمان ناوە، گفتوگۆکانى ئەم دواییەش کە لەسەر دەستپێشخەرى بەرێز مەزڵوم کۆبانى بوونى بوو دەرخەرى جدی بوونى ئێمەیە، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەى ئێمە پێکەوە دەتوانین رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە دژی ھێرشەکان هێڵێکى بەرگری دروست بکەین و گەلەکەمان بپارێزین، ئەوەى بکەوێتە سەر شانمان لە ناوخۆی سوریا و رۆژئاوادا ئەنجامی دەدەین".


پەیوەست بە داهاتووى سوریاش ئەنوەر موسلیم ئەوەی خستەڕوو، دەبێت دانوستانی سورییەكان بگاتە دانانی دەستوورێك، كە دەستەبەری دیموكراتیزەكردنی سوریایەكی ناناوەندی بكات، كە هەموو پێكهاتەكانی سوریا بە كورد و عەرەب و سریان و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی تریش بپارێزێت بەوەش دەتوانرێت كۆتایی بە داگیركاری توركیا بهێنن و هەنگاوەکانى ئاوەدانکردنەوەى سوریا دەست پێ بکات . 


لەبارەى بوونى ئەمریکاش لە رۆژئاوا کوردستان ئەنوەر موسلیم جەختیکردەوە کە بوونی ئەمەریكییەكان لە سوریا گرنگە و کاریگەرى لەسەر هاوکێشەى سیاسى ئەو وڵاتە هەیە و بەوتەى خۆشى، لەسەر دەوڵەتە گەورەكانیشە چارەسەری سیاسی لەسوریا پێشكەش بكەن لەپێناو گەیشتن بە دەستوورێكی دیموكراتی ناناوەندی بەرەزامەندی هەموو سورییەكان بێ دوورخستنەوەی هیچ لایەنێكی سوری بەتایبەت کورد.

 

لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا دەقى چاوپێکەوتنەکە بڵاو دەکرێتەوە...
س.هـ

بەپەلە