توشبووه‌كه‌ی كۆرۆنا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان: من هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا نیم له‌په‌رله‌مان

کوردستان

11/06/2020‌ 456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نارین حەمید کاکەزیاد، شارەزا لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە یەکەمین کەس بوو لە پەرلەمان تووشی کۆرۆنا بوو، باس له‌هۆكاری تووشبوونه‌كه‌ی ده‌كات.

نارین حه‌مید به‌میدیای پارتی وتووه‌، دەڵێت ئەو سەرەتا هیچ نیشانەیەکی نەبووە، بەڵام لە رۆژی 3ی حوزەیران لەگەڵ خوشکەکەی هەستیان بە تا و قوڕگئێشە کردووە. نارین گوتی: "لە 7ی حوزەیران خوشکەکەمم نارد بۆ پشکنین، خۆشم یەک هەفتە بوو نەچوو بوومە دەرەوە، کە پشکنینی خوشکەکەم پۆزەتیڤ دەرچوو، خۆشم لە 8ی حوزەیران پشکنینمکرد و پۆزەتیڤ دەرچوو، دواتریش بەهۆی منەوە کوڕەکەم کە تەمەنی 11 ساڵانە تووشبوو".

نارین حەمید ناوی هەموو ئەو کارمەندانەی پەرلەمانی بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرا کردووە کە رۆژی 1ی مانگ بەریەککەوتنی لەگەڵیاندا هەبووە و باس له‌وه‌ده‌كات، "هیچ کەسێک لەوانەی بەریەککەوتنم لەگەڵیاندا هەبووە ئەنجامی پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ دەرنەچووە، جگە لە پەرلەمانیش نەچوومەتە هیچ شوێنێک، تەنانەت بازاڕیش، بۆیە دڵنیام لەوەی کە هۆکاری بڵابوونەوەی کۆرۆنا لەنێو پەرلەماندا من نیم".

نارین حەمید رەتیکردەوە کە بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە هەبووبێت کە تووشی کۆرۆنا بووە و دەڵێت: "سێ مانگ دەبێت ئەو پەرلەمانتارەم نەبینیوە".

نارین حەمید، شارەزا لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، تەمەنی 49 ساڵە، دایکی منداڵێکە کە ئەویش تووشی کۆرۆنا بووە.

ڕ . ج