لەرێگەی چەند سەرکردەیەکى پارتى و ئەنەکەسە
تورکیا هەوڵى شکستپێهێنانى گفتوگۆکانى تەڤدەم و ئەنەکەسە دەدات

کوردستان

17/06/2020‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هێمن حەسەن

هێزە كوردییەكانی سوریا جارێكی دیكە لەسەر پرسی یەكریزی نێوانیان كۆبوونەوەو لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە، بەڵام تورکیا هەوڵەکانى خستووەتەگەڕ بۆ شکستهێنان بەو رێککەوتنە.


سەرەتاى ئەمساڵ مەزڵوم کۆبانى فەرمانەى هێزەکانى سوریای دیموکرات پەیامێکى ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە کوردییەکانى رۆژئاواى کوردستان کرد بەتایبەت تەڤدەم و ئەنەکەسە کە ژمارەیەک پارت پێک هاتوون و لەدواى ساڵى ٢٠١٣ ناکۆکی لەنێوانیاندا دروست بووە.


مەزڵوم کۆبانى داواى لە تەڤدەم و ئەنەکەسە کرد کە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دەستکەوتەکانى رۆژئاوا بپارێزن چونکە لەمەترسیدان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتى دوو کۆبوونەوەى کرد لەنێوان ئەو دوو لایەنە ناکۆکەى رۆژئاواى کوردستان.

کۆبوونەوەکان لەم مانگەدا دەستیان پێکردەوەو لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ چوار شەممە لەبەیاننامەیەكدا تەڤدەم و ئەنەکەسە بە ئامادەبوونى مەزڵوم کۆبانى و نوێنەرى ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراو تیایدا بەیاننامەیەکى چەند خاڵى بڵاوکرایەوە.

لەبەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەشداوە، لەكۆبوونەوەكەدا گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە پێویستە سیاسەتی هاوبەشیان هەبێت و لێكتێگەیشتنیان بۆ رێككەوتنی دهۆك كە لەساڵی 2014 كرا هەبێت لەبارەی حكومڕانی هاوبەش لەئیدارەدان و بەمنزیكانە هەردوو وەفد دەگەنە رێككەوتنی تەواو لەسەر ئەوپرسانە.

هەروەها باسیان لەوەكردووە، هەردوو وەفد تەئكیدیان لەوەكردەوە كە لێكتێگەیشتن هەنگاوێكی باشە بۆ كوردانی سوریا ئەوان سودمەند دەبن لێی، هاوکات ئەوەش هاتووە ئەو لێكتێگەیشتنەی كە لەكۆبوونەوەی هێزە كوردییەكان هاتووەتە ئاراوە  لەلایەن جێگری نێردەی  هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ولیام روباك  و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات سەرپەرشتی دەكرێت. 


بەرپرسێکى باڵاى پەیەدە کە لەبەر رەوتى کۆبوونەوەکان نەویست ناوى ئاشکرا بکرێت بە شارپرێسى راگەیاند، ئەم ماوەیە کۆبوونەوەکان وەستابوون بەهۆى ئەوەى کە دەوڵەتى تورک دەستى لە ئەرەوتى کۆبوونەوەکان وەردەداو نەیدەهێشت بەرەو پێشچوون روو بدات، ئێمە ئاگداربووین لەرێگاى هەندێ سەرکردەى پارتى و ئەنەکەسە بەربەستیان دروست دەکرد.


ئەو بەرپرسەى پەیەدە ئەوەشى خستەڕوو، ناکۆکییەکانى نێوان ئەوان و ئەنەکەسە ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن، بەڵام دەوڵەتى تورک دەستوەردان دەکات و نایەوێت کوردان لەدەوری یەک کۆببنەوەو بگەنە رێککەوتن.


سەبارەت بە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆش ئەو بەرپرسەى پەیەدە روونیکردەوە، کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەى هەموان لە باکورو رۆژهەڵاتى سوریا بەیەکەوە تێکشان لەدژى داگیرکارى بکەن، بەڵام دیسان بەربەست و رێگری هەیە.


مانگى نیسانى ئەمساڵ تەڤدەم و ئیدارەى خۆسەر گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی بۆ کردنەوەى ئۆفیس و بارەگاکانیان لە رۆژئاواى کوردستان کە ماوەى چەند ساڵێکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى رۆژئاواى کوردستانەوە بە هۆکارو بیانووى جیاجیا داخراون.


کردنەوەى بارەگاکانى ئەنەکەسە کە ژمارەیان ٥٠ بارەگاو ئۆفیس دەبێت سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنى تەواوى ناکۆکییەکانى تەڤدەم و ئەنەکەسە کە ماوەی چەند سالێکە ناکۆکى قوڵ لەنێوانیاندایەو سێ زلهێزى وەک ئەمریکاو روسیاو فەرەنسا بە چەندین کۆبوونەوە نەیانتوانیوە ناکۆکەکانیان چارەسەر بکەن.

ئەندامێکى ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا "ئەنەكەسە"  باس لەوە دەکات، داواكارى هەموو لایەك ئەوەبوو كە كورد له ڕۆژئاوای كوردستان ناوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو داوای مافەكانی بكات، لەسەر دەستپێشخەریی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی هاوپەیمان گفتوگۆی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم ئەنجامی باشی هەبووە.


كاوە ئازیزی ئەندامى ئەنەکەسە بە شارپرێسى وت" پێشتر ئەنەكەسە سەرجەم بارەگاكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان کردەوە، ئیستاش گفتوگۆکان بەردەوامن بۆیە هەموو ئاماژەكانی گفتوگۆكان دڵخۆشكەرن بۆ ئەوەی ڕێككەوتن بكرێت و نێوماڵی كورد ڕێك بخرێت و كورد یەك بگرێت".


هەوڵەکانى مەزڵوم کۆبانى فەرماندەى گشتى هێزەکانى هەسەدە بۆ چارەسەرکردنى ئەو ناکۆکیانە لە کۆتایی ساڵى رابردوەوە دەستى پێکردو  هەوڵەکانى خستەگەڕ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان تەڤدەم و ئەنەکەسە، بۆ ئەوەش چەندین دەستپێشخەرى کردوەو هاوکات سەردانی هەرێمى كوردستانيشی كردووە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدارو گفتوگۆى هەبووە تا ئەم پرسە چارەسەر بکەن.


ئەو بەرپرسەى ئەنەکەسە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە تورکیا لەرێگاى ئەنەکەسەوە هیچ هەولێکى وای دابێت و جەخت دەکاتەوە لەئیستادا جدیەت لەنێوان هەردوولا هەیە بۆ چاسەرەرکردنى کیشەکان، گەشبینیشە بە چارەسەرکردنى کیشەکان و پێیوایە جگە لەرێککەوتن کوردان هیچ رێگەیەکى دیکەیان لەبەردەمدا نییە.


هەر بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس لەم دوایانەدا تورکیا بانگهێشتى ژمارەیەک لە سەرکردەکانى ئەنەکەسەى کردوەو پێی راگەیاندون ئەگەر لەگەڵ پەیەدە رێکبکەون ئەوا دەبێت لە ئۆپۆزسیۆنى سوریا بچنە دەرەوەو وەک پەیەدە سەیریان دەکرێت.


هەروەها داواشى کردوە کە نابێت لەگەڵ پەیەدە رێککبکەون ئەگەر رێکیشکەوتن ئەوا پێویستە ئەنەکەسە ناوچەیەکى تایبەت بەخۆیان هەبێت لە رۆژئاواى کوردستان و بە هاوبەشى لەگەڵ چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن بەرێوەى بەرن کە ئەویش ناوچەکانى عەفرین و سەرێکانى و گرێسپی و کۆبانى بگرێتە خۆی.


هەفتەى رابردوو مەزڵوم کۆبانى فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە رایگەیاند، کە هەندێ لایەنى دەرەکى ناهێڵن کوردان بگەنە یەک و رێکبکەون بۆ ئەوەى ناکۆکی لەنێوان کوردان بەردەوام بێت، هەروەها جەختکردەوە کە ئەو وڵاتانە دەستوەردان لە رەوتى گفتوگۆکانى نێوان کوردان دەکەن.

داواكاريیەکانى ئەنەکەسە لەتەڤدەم ئەوەیە ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكان و بێسەروشوێنەکان و هەروەها رێگە بە لایەنەكانی دیكە بدرێ لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەریدا چالاكی خۆیان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێزى پێشمەرگەى رۆژ کە سەر بە ئەنەکەسە بگەرێتەوە رۆژئاوا، لەگەڵ چەند داواکارییەکى تر، داواش دەکات تەڤدەم لەژێر کۆنترۆڵى پەکەکە بێتە دەرەوە.


لەبەرامبەردا تەڤدەم، ئەنەکەسە بە "کرێگیراو"و داردەستى دەوڵەتى تورکیا دەزانێت و داواى لێدەکات کە لەناو ئۆپۆزسیۆن بێتە دەرەوەو پەیوەندیەکانى لەگەڵ تورکیا رابگرێت، هاوکات داواش دەکات هێزى پێشمەرگەى رۆژ بخاتە ناو هێزەکانى هەسەدەو یەک هێزی نیشتیمانى هەبێت نەک فرە هێزی.

لەماوەى سێ ساڵى رابردوودا هەریەکە لە ئەمریکاو روسیاو فەرەنسا هەوڵى نزیکبوونەوەى ئەو دوو لایەنە ناکۆکەى رۆژئاواى کوردستانیان داوەو تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام کردنەوەى بارەگاو ئۆفیسەکانى ئەنەکەسە سەرەتایەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان، لەگەڵ کردنەوەى ئەوبارەگایانەش بەدوور دەزانرێت بگەنە رێککەوتن. 

بەپێی وتەى بەرپرسانى ئەنەکەسە  لەماوەى پێنج ساڵى رابردوودا پەیەدە ١٥٠ ئەندام و بەرپرسى باڵاى ئەنەکەسى گرتووەو ٥٠ بارەگاو ئۆفیسیان لە رۆژئاوا داخستووە، بەڵام بەرپرسانى پەیەدە دەڵێن، ئەوانەى گیرابوون کە ژمارەیان زۆر کەم بووە ئازاد کراون و ئیستاش رێگە بە کرانەوەى ئۆفیسەکانیان دراوە.


ئەنەكەسە لە پێنج پارتى سیاسى پێکهاتوون پێشتر لە دە پارتى سیاسى پێکهاتبوون، بەڵام بهۆى ناکۆکى ناوخۆیانەوە پێنج پارتیان لە ئەنەکەسە جیابوونەوە، هەر لەسەرەتاى شۆڕشى رۆژئاواى کوردستانەوە ناکۆکى کەوتە نێوان پەیەدەو پارتى دیموکراتى کوردستام-سوریا، تا ئەم ساتەش ناکۆکییەکانیان لەسەر بەڕێوەبردنى رۆژئاواى کوردستان ئاستى بەشداریان ناکۆکن.


 ئاڵدار خەلیل  ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەم بە شارپرێسى راگەیاند، هەموو ئەو شتانەى پێویست بوون بۆ ئەوەى پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە جێبەجێکراون و ئەو هەنگاوانەى بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەنەکەسەو هەموو لایەنەکانى دیکەش بۆ دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیی هەمووى کراوە.


خەلیل وتیشى، ئیدارەى خۆسەرو بەرپرسەکانمان بە ئەنەکەسەمان وتووە وەرن بەیەکەوە لە وڵاتى خۆمان کار بکەین، ئەوەى لە رابردوودا ئەوان کردویانە چوونەتە پاڵ تورک و ئۆپۆزسیۆنى سوریا ئەوە بەلاوە دەنێین، هەموان پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرین، نالێین وەرن وەک ئێمە بن، بەڵام با لەسەر ئەو شتانى نزیکین لەیەکەوە رێکبکەوین.


ئەندامەکەى دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤدەم، جەختیکردەوە، ئەوان دەتوانن بەشدارى سەرجەم جومگەکانى دەسەڵات لە رۆژئاواى کوردستان بکەن بەپێی سەنگ و قورسایی خۆیان.

ئەوەى ئێستا بە هەڵواسراوى ماوەتەوەو بۆ گفتوگۆکانى داهاتوو جێهێڵراون بەشداریکردنى ئەنەکەسەیە لەئیدارەى رۆژئاواى کوردستان و هێزى سەربازیدا، کە بڕیارە لەسەر ئەو پرسەش دەست بە دانوستان بکەن و گفتوگۆکانیش لە پرسەکانى دیکەدا هەنگاوى ئەرێنیان بڕیووە.


بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس لەسەرچاوەیەكی بەرپرسەوە دەستیكەوتووە لەماوەی رابردوودا ئەنەكەسە داوای لە مەسعود بارزانی كردوە كە نێوەندگیری لەنێوان ئەوان و پەیەدەدا بكات بۆ ئەوەی ئەنەكەسە بەیەكجاری بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان و پێشمەرگەی رۆژ كە سەر بەو ئەنجومەنەیە بگەڕێتەوە رۆژئاوا.


هەروەها لەرێككەوتنەكانی ساڵانی پێشوی هەولێرو دهۆك كراوە كە جارێكی بهێنرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆو لەسەر رێكبكەون، بارزانیش ئامادەیی دەربڕیوە نێوەندگیریان بكات و داواشی لێكردون درێژە بە كۆبوونەوەكانیان بدەن.


مانگى شوباتى ئەمساڵ پەیەدە هەشتەمەین کۆنگرەى خۆی ئەنجامداو پەیەدە لەو کۆنگرەیەدا جەختى لەسەر چارەسەرى کێشە سیاسیەکانى رۆژئاواى کوردستان هەم لەگەڵ رژێمى سوریاو هەم لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کردەوەو بڕیاریدا بە سیاسەتێکى نوێ و عەقڵێکى نوێووە کێشەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و بەتایبەت ئەنەکەسە کار بکات، بۆئەوەش یەکێتى نەتەوەیی و یەکڕیزى ماڵى کورد لە رۆژئاوا بکاتە پێشینەى کارەکانى دواى کۆنگرە.


لەوبارەیەوە ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە لەچاوپێکەوتنێکی پیشتریدا لەگەڵ شارپرێ راگەیاند" پەیەدە بۆ برایەتی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رۆڵێکی گرنگی بینیووە پارتی پێشەنگ بۆ پاراستنی شۆڕش، ئێستاش پەیەدە بۆ سوریایەکی دیموکراتیک رۆڵێکی زیاتر دەبینێت و لەناوخۆشدا یەکێتى نەتەوەیی پێکدێنێت".


هاوسەرۆکى پەیەدە، جەخت دەکاتەوە، کە ئەوان دەستى برایەتى بۆ هەموو لایەنە سیاسییە کوردیەکان و غەیرە کوردییەکان درێژ دەکەن و دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن، بەوتەى خۆی دەرگایان بۆ چارەسەرى کیشەکان بەرووى ئەنەکەسەدا کردووەتەوەو لەداهاتووشدا کارى زیاتر دەکەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئاشتى و یەکڕیزى تەنیا بە لایەنێک نایەتەدى و هەوڵى لایەنى بەرامبەریشى پێویستە.
س.هـ