رێبوار كه‌ریم: شکستی تەواوتان هێناوە، بەبێ بەغداد نانی خەڵکتان پێ دابینناکرێت

کوردستان

21/06/2020‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێبوار كه‌ریم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردو رایگه‌یاند، شکستی تەواوتان هێناوە، بەبێ بەغداد نانی خەڵکتان پێ دابین ناکرێت. موچە بگوازنەوە بۆ بەغدا تا نەڕوخاون.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رێبوار كه‌ریم نووسیوویه‌تی: "هێڵی سور ئەوە نیە موچە بخرێتەسەر بەغدا، هێڵی سور برسیکردنی خەڵکە، هێڵی سور دزینی نەوت و داهات و گومرکە، هێڵی سور بڕینی موچەی فەرمانبەرانە، هێڵی سور چارەنوسی ئەو هەزاران گەنجەیە کە خوێندنیان تەواوکردوەو بێکار دانیشتون".

ده‌شڵێت: "هێڵی سور ژیانی ئەو کاسبکارانەیە کە بەهۆی سیاسەتی سەقەتی حوکمڕانیەوە بازاڕەکانیان لە ئیفلاسدایە، هێڵی سور بێ نانبونی خەڵکە، ئێوە بێ منەتن لە چۆڵبونی نەخۆشخانە، فەرمانگەکان، سەرجادەو فولکەکان، گیرفانی خەڵک، دوکان و بازاڕی ئەم هەرێمە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: ئێوە، سەرەڕای ئەو هەمو پارە زۆرەی لەبەردەستاندایە، ئێستا بەوپەڕی بێ چاوو رووییەوە، هاتون جارێکیترو بەبەرچاوی خەڵکەوە، موچەو نانی خەڵك دەبڕن.

رێبوار كه‌ریم رونیكردووه‌ته‌وه‌: "ئێوە لەلایەکی ئەم هەرێمە زەبروزەنگ بەکاردێنن و خەریکی هەڵتەکاندنی لایەکەیتریشن. بەڵێ دەتانەوێ بکەوێت، ئەمەوێ پێتان بڵێم، ئەمە شەڕی نانە، شەڕی شەخسی و پۆست و حزب نیە. شکستی تەواوتان هێناوە، بەبێ بەغدا نانی خەڵکتان پێ دابین ناکرێت. موچە بگوازنەوە بۆ بەغدا تا نەڕوخاون. چونکە بەداخەوە، ئەگەر بڕوخێت، هەموی پێکەوە دەڕوخێت، نەوەك تەنها یەك گروپ و یەك ناوچە".