هەرێم تۆماری لیستی بایۆمەتری فەرمانبەرانی رادەستی بەغدا كردووە

کوردستان

30/06/2020‌ 1850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد سەففار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان داتای فەرمانبەرەكانی رادەستی حكومەتی ناوەندی كردووە .

سەففار لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، لیژنەی هونەری هەرێم، كە لەمدواییە سەردانی بەغدای كرد، لەسەر داوای حكومەتی عێراق تۆماری لیستی بایۆمەتری فەرمانبەرەكانی و چەند دۆسیەیەكی تری رادەستی حكومەتی ناوەند كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە، روونیشیكردووەتەوە، كە بەپێی تۆماری بایۆمەتری ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ٧٥٣ هەزار فەرمانبەرە، ئەوە جگە لە ئەو چین و توێژانەی تری وەك كەسوكاری شەهیدان و چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشینان، كە موچە وەردەگرن و بەهەمووی دەگاتە نزیكەی ٢٥٠ هەزار كەس.

باسی لەوەش كردووە، هەرێم لەسەر بنەمای داواكاری بەغدا خەریكی چارەسەركردنی كێشەی ئەو كەسانەیە، كە چەند موچەیەك وەردەگرن، بەتایبەتی لەناو كەسوكاری شەهیدان و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی.

پێشتریش چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەدانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باسیان لەوە كردبوو، كە  دانوستانەكان نەگەیشتوونەتە ڕێگایەكی داخراو، بەڵكو چەند ناكۆكییەك هەیە سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم و داهاتەكانی نەوت، كە لەكۆتاییدا ئەوانیش چارەسەر دەكرێن.

باس لەوە كراوە، كە هەرچەندە بەغدا چەند مەرجێكی هەبووە، كە بەلای شاندی هەرێمەوە نادەستووریی بووە وایانكردووە ڕێكەوتنی گشتگیر واژوونەكرێت، بەڵام لەئێستادا دانوستانەكان تەنیا وەستاون، نەك بەشێوەیەكی تەواوەتی كۆتاییان هاتبێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا