ئەردۆغان بە "ئەقڵیەتی پیلانگێڕی" دەوڵەت بەڕێوە دەبات

مەلەفی تایبەت

01/07/2020‌ 1669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكۆتایدا عەبدوڵڵا گول هاتەدەنگ و لە قۆزاخەی بێدەنگییەكەی هاتەدەرەوە و ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا گرت، هۆشداری ئەوەشیدا كە لە دۆخی ئێستادا توركیا ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبێتەوە.

گول ئەردۆغانی بەوەش تۆمەتبار كرد كە بە میتۆدی پیلانگێڕییەكان و هەمواركردنەوەی چەندجارەی دەستور و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەوڵەت بەڕێوەدەبات.

گول ڕەخنەشی لە پارتی داد و گەشەپێدان گرت لە شێوازی بەرێوەبردنی كاروباری دەوڵەتی توركیادا، پێش وایە ئەو پارتە لە ئێستادا بۆتە گەورەترین مەترسی بۆسەر خودی دەوڵەت، ئەمەش‌ بە هۆی كەڵەكەبوونی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و پاشەكشەی ئابووری و بەردەوامی داچۆڕانی بەهای كڕینی دراوی توركییەوە.

گول جەختی له مەترسیداری پاشەكشەی ‌ئازادییەن لە توركیا كردەوە، ئەمەش‌ بە هۆی كردار و ڕەفتارە سەركوتكەرەكانی حكومەتی توركیا دژ بە بەرهەڵستكار و ڕۆژنامەنووسان، لەو جوغزەدا سەرۆكی توركیا هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی هاوینی 2016 ی وڵاتی قۆزتۆتەوە بۆ توندكردنی مشتە ئاسنینە ئەمنییەكەی بەسەر دامودەزگانی دەوڵەت و پاكتاوكردنی نەیارە سیاسییەكانی.

گول ئەوەشی وت: پارتەكەی ئەردۆغان بە لۆژیكی "حیزبە دەوڵەت" یان" دەوڵەتی یەك حیزب" دەوڵەت بەڕێوەدەبات.

ئەو قسەوباسانەی گول كە هاوڕێی دێرینی ئەردۆغانە لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێداندا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بوو لەگەڵ ڕۆژنامەی "قەرار" كە سەر بە پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ- ی وەزیری دەرەوەی توركیای پێشووە.

چاودێران پێیان وایە قسەكردن و لێدوانی گول بۆ ئەو ڕۆژنامەیه،‌ نیشانەیە بۆ یەكخستنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە دژی ئەردۆغان.

عەبدوڵا گول و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان، سێ لە دیارترین ئەو دەموچاوانەن كە لە پارتەكەی ئەردۆغان جیابوونەوە بە هۆی ناكۆكییە توندەكانیان لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا. 

گول لەو ساڵانەی پێشوودا بێدەنگی هەڵبژارد بوو، لە چەند بۆنەیەكی دەگمەندا نەبێت قسەی نەكردووە، دوا لێدوانیشی لە مانگ فبرایەری ڕابردوودا بوو كاتێك ڕەخنەی لە سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا  و سیاسەتی دەرەوەی گرت.
 
گول لەگەڵ زۆرێك لە هاوڕێكانی ئەردۆغان كە لێی جیابوونەوە، ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەردۆغان دەكەن، دوای ئەوەی بۆیان ڕوون بۆتەوە كە سیاسەتەكانی ئەردۆغان توركیا بەرەو تونێڵێكی تاریك دەبات.

ڕاپرسییەكانی ئەم دوایەی توركیاش  ئاماژە بەوە دەدە‌ن كە پارتی داد و گەشەپێدان پاشەكشەیەكی بەرچاوی كردووە، بۆیە سەركردەكانی بە هاوكاری هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەكانیان پلانی گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكیان هەیە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكان.

لە ئێستادا ئایندەی ئەردۆغان جێی گەشبینی نییە و نزیك بۆتەوە لە لێواری هەڵدێران، چونكە لەوە دڵنیایە كە لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا تووشی یەكەم دۆران دەبێت لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆندا.

گول لە نێوان ساڵانی 2007-2014 سەرۆكی توركیا بووە، ئەوكاتیش ئەردۆغان سەرۆك وەزیر بوو، بەڵام بە هۆی هەڵكشانی ناكۆكییەكانی نێوانیان، گول بە هێمنی و بیدەنگی پاشەكشەی كرد و بێدەنگی هەڵبژارد.

سەرچاوە:  پێگەی‌ ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە