زێباری زانیارییەكی مەترسیدار لەبارەی دەستتێوەردانەكانی توركیا لەهەرێم ئاشكرادەكات

کوردستان

05/07/2020‌ 3998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیاری زێباری وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق لەبارەی دەستتێوەردانەكانی توركیا هەندێك زانیاری سەردەمی كابینەكەی نوری مالیكی ئاشكراكردو جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆ لە حكومەتەكەی مالیكی تۆمەتبار كرد، بەوەی یاداشتنامەیەكی لەیەكتێگەیشتنی لەگەڵ توركیا واژووكردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە سوپای توركیا بدرێت تاقووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر بۆی هەبێت بێتە ناو خاكی عێراقەوە.

زێباری لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پۆڵانی بەمەبەستی زیندووكردنەوەی رێكەوتنێكی كۆنی سەردەمی رژێمی بەعس سەردانی توركیای كردووە، كە بەپێی ئەوە بەشێوەیەكی مەرجدار ڕێگە بە سوپای توركیا دەدرێت بەمەبەستی راوەدوونانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان تاقووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر بێتە ناو خاكی عێراقەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە وەزیری بەرگری عێراقیش تاراددەیەك بەو هەنگاوەی وەزیری ناوخۆ رازی بووە.

هۆشیار زێباری وردەكاری ڕێكەوتنەكە و دانیشتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و توركی گێڕایەوەو راشیگەیاند، بەیەكەوە لەسەر مێزی نانخواردن دانیشتبووین، ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغلوش ئامادەبوون، بەڵام من رێكەوتنەكەم رەتكردەوە و وتم ئەوە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقە، بۆیە ئەردۆغان توورە بوو وتی: بابزانم لەو وڵاتەدا كێ خاوەن بڕیارە؟

لەگێرانەوەی بابەتەكە هۆشیار زێباری ئەوەشی راگەیاند، دواتر ئەردۆغان پرسیاری ئەوەی لێكردم، كە بۆچی من رەتیدەكەمەوە، ئایا لەبەر ئەوەیە كە تۆ كوردی؟ زێباری ئاماژە بۆ ئەوەش كرد، كە ئەو وتویەتی: لەبەر ئەوە نییە كە من كوردم بەڵكو یەكەمجار لەبەر ئەوەی عێراقیم، كاتێكیش هەر سوور بوو لەسەر پرسیارەكەی من پێم وتووە ئێمە خۆمان نادەینە دەست كەسانی وەك تۆ و سوێندمان بە قورئان خواردووە، كە پارێزگاری لە سەروەری خاكی عێراق بكەین.

بەگوێرەی گێرانەوەكەی هۆشیار زێباری لە دانیشتەنەكەدا نوری مالیكیش ئامادە بووە، بەڵام ئەو لەبابەتەكەدا بێلایەنی هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی لەلایەكەوە پشتیوانی بۆچوونەكەی ئەو بووە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا رووپامایشی بۆ ئەردۆغان كردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا  ئاڵی